Accessibility links

ڤانس: لە ئێستادا ئامانجی سەرەکی لە شەڕەکەدا دابەزینی نرخی نەوتە و ئامانجی دووهەم بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا لە شەڕ لەگەڵ ئێران دابەزاندنی نرخی بەنزینە بۆ خەڵکی ئەمەریکا و وتی ئامانجی ژمارە دوو دڵنیابوونە لەوەی کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.

ڤانس بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند ڕێگریکردن لە ئێران لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، لەئێستادا کارێکی لاوەکییە بە بەراورد بە گەڕاندنەوەی ڕۆیشتنی ئازادی نەوت لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد "دەزانم ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزیوە، بەشێوەیەکی بەرچاو بە بەراورد بە ڕۆژانی سەرەتای شەڕەکە. ئەوەی ئامانجی ژمارە یەکی ئێمەیە، هێشتنەوەی نەوت و گاز بە نرخێکی گونجاو بۆ ئەمەریکاییەکانە لە سەرانسەری وڵاتەکەماندا."

ئاماژەی بەوەشکرد بێگومان ئامانجی ژمارە دوو دڵنیابوونە لەوەی کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.

جەی دی ڤانس لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ فۆکس نیوز، وتی "هەندێکجار سەرنجمان لەسەر وزەیە، چونکە دەمانەوێت ئەمەریکاییەکان بتوانن پارەی نەوت و گاز بدەن. هەندێکجار بە تایبەتی سەرنج دەخەینە سەر لایەنی سەربازی و بەرنامەی ئەتۆمی."

تەنگەی هورمز کە تا پێش شەڕی ئێران و ئەمەریکا نزیکەی 20%ی نەوت و گازی جیهانی تێیدا دەگوازرایەوە، وەک ئێران بانگەشەی دەکات داخراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا پێداگرن لەسەر ئەوەی هاتوچۆ بەناو تەنگەکەدا هێشتا بەردەوامە و ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی دەکات.

لە کاردانەوە بە کارەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز، ئەمەریکا بۆ جاری دووەم گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران سەپاندووە و پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمەریکاش دەڵێت واشنتن تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی.

گەمارۆی دەریایی گوشاری ئابووری توندی خستووەتە سەر ئێران و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناردەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی تەنگەی خارگەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. نزیکەی لەسەدا 90ی هەناردەی نەوتی ئێران بەم دوورگەیەدا تێدەپەڕێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG