Accessibility links

دادگای دیمەشق سزای لەسێدارەدان بۆ بەشار ئەسەد و و دوو کەسی نزیکی دەردەکات

دادگای تاوانەکان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی هەشت بە شێوەی غیابی سزای لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادرا و دیکتاتۆری پێشووی سوریا بە تۆمەتی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکرد.

هەروەها دادگا سزای بەسەر برای دیکتاتۆری پێشوو، ماهر ئەسەد و ئامۆزاکەیان، عاتیف نەجیب سەپاند کە بە "یەکێک لە ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆی سەرکوتکردنی خەڵک" ناودێر دەکرێن.

لە بڕیارەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە لە دیمەشق ڕاگەیەندرا، هاتووە "دادگای تاوانەکان بەشار ئەسەدی تۆمەتبار کە هەڵاتووە، بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستی زیاتر لە کەسێک تاوانبار کردووە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە."

هەروەها دادگاکە سزای لەسێدارەدانی بۆ ماهیر ئەسەد و ژمارەیەک کەسایەتی دیکەی حکومەتی پێشووی سوریا دەرکرد و لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، تاوانی ئەو کەسانە لە ئاستی "تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ"دا بووە.

سەبارەت بە عاتیف نەجیب، دادگا هەروەها ڕایگەیاندووە "ژمارەیەک دەستگیرکراوی ئەشکەنجەدا و بەرپرسیار بووە لە گیانلەدەستدانی بەشێکی زۆریان" و بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ئەشکەنجەدان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

حوکمڕانی 51 ساڵەی حافز و کوڕەکەی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024 کۆتایی هات، ئەمەش دوای پێشڕەوی خێرا و چەند ڕۆژەی هێزە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لە ناوچەی ئیدلیبەوە بەرەو دیمەشق.

لەو کاتەوە ئەسەد و هاوسەر و منداڵەکانی پەنایان بۆ مۆسکۆ بردووە و لەژێر پاراستنی حکومەتی ڕوسیادا دەژین.

ڕژێمی ئەسەد نزیکترین هاوپەیمانی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە بۆ ماوەی نزیکەی 12 تاران ساڵ شەڕی نەیارەکانی کرد بۆ پاراستنی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG