وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند لەمەودوا فڕینی هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی وڵاتدا بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی فەرمی بە "کردەوەی تیرۆریستی" دادەنرێت و ئەنجامدەرانی دادگایی دەکرێن.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان ڕۆژی دووشەممە 10ی مانگی هەشت، میقداد میری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بڕیارەکەی ڕاگەیاند و وتی حکومەت ڕووبەڕووی هەر بەکارهێنانێکی بێ مۆڵەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لە یەک کاتدا بەرنامەیەکی فراوانتر جێبەجێ دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و بەرتەسککردنەوەی چالاکییەکانی ئەو ناوەندانەی کە بەبێ مۆڵەتی دامەزراوە حکومییەکان یان دامەزراوە ئەمنییەکان کاردەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا میری ڕایگەیاند کە چالاکییەکانی 71 بارەگای مەجازی کە لە ژێر ناوی "حەشدی شەعبی" لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کاریان دەکرد، ڕاگیراون و بیناکانیان داخراون.
هەروەها وردەکاری نوێی بەرنامەی حکومەت بۆ تۆمارکردن و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی هاوڵاتیاندا خراوەتەڕوو. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، زیاتر لە 845 نووسینگەی فەرمی تۆمارکردنی چەک لە سەرجەم پارێزگاکانی وڵات دانراون و تا ئێستا مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک بە 160 هەزار کەس دراوە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستی بەسەر 143 هەزار چەکی نایاساییدا گرتووە کە بە وتەی میری دوو هەزار و 668 چەکیان پێشتر دزراو بوون.
بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا، قبوڵکردنی خەڵک بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان بە فەرمی سنووردار بووە، بەڵام ئەم ڕەوتە وردە وردە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بە وتەی ناوبراو تا ئێستا حکوومەت داتابەیسێکی دروستکردووە کە نزیکەی 6 ملیۆن داتای تایبەت بە چەک لە دەستی هاووڵاتییان لەخۆدەگرێت.
میری دووپاتی کردەوە کە دوا وادەی تۆمارکردنی چەک لە 30ی مانگی نۆ کۆتایی دێت، بەپێی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەم وادەیە هەر چەکێکی تۆمارنەکراو بە نایاسایی دادەنرێت و دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ خاوەنەکانی دەکات.
هەموو ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکن لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی کۆنترۆڵی فەرمی بەسەر چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چالاکیی ئەو ناوەندانەی کە لە دەرەوەی میکانیزمە یاساییەکانی وڵات کاردەکەن.
عێراق فڕینی فڕۆکەی بێفڕوکەوانی بێ مۆڵەت وەک "کردەوەی تیرۆریستی" دەناسێنێت؛ 71 بارەگای حەشدی شەعبی دادەخرێن