Accessibility links

ئاگری پاڵاوگەی ئارامکۆی سعودیە کۆنترۆڵکرا؛ حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ

وەزارەتی وزەی سعودیە ڕایگەیاند ئاگرێک کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە پاڵاوگەی ئارامکۆ لە جیزان لە باشووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە کەوتەوە، کۆنترۆڵکراوە.

وەزارەتەکە وردەکاری زیاتری لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەخستەڕوو و ڕایگەیاند هیچ بریندارێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

دوای کاتژمێرێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر ئەو دامەزراوەیەیان ڕاگەیاند.

وتەبێژی ئەو گرووپە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەو دامەزراوە نەوتییە لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج لە کاردانەوە بە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی سعودیە بۆ ناوچەیەک لە باکووری ڕۆژئاوای یەمەن.

وەزارەتی وزەی سعودیە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس ڕایگەیاند تیمەکانی ئاسایشی ئارامکۆ ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکە گرتووەتە بەر.

جیزان دەکەوێتە کەنارەکانی دەریای سوور و نزیک سنووری یەمەن و نزیکە لە حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن.

دامەزراوەی ئارامکۆ لە 27ی مانگی حەوت دوای ئەوەی هێرشێکی حوسییەکانی یەمەن زیانی بەبەشێک لە نەوتهەڵگرەکانی ئەو پاڵاوگەیە گەیاند، دامەزراوەکەی داخست.

حوسییەکان لەو کاتەدا ڕایانگەیاندبوو کە دامەزراوەکانی ئارامکۆیان لە جیزان و یانبو کردووەتە ئامانج.

پاڵاوگەی جیزان توانای پرۆسێسکردنی ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و بەرهەمی پاڵاوتە لەوانە بەنزین و گازۆیل بەرهەم دەهێنێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG