Accessibility links

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە وەستانی بەردەوامی چالاکی لە دوورگەی خارک، گرنگترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەکەن

وێنەیێکی سەتەڵایتی دوورگەی خارک
وێنەیێکی سەتەڵایتی دوورگەی خارک

داتای تازەکانی کۆمپانیای زانیاریی دەریایی "ویندوارد" نیشانی دەدەن، تێرمیناڵی ڕۆژئاوای دوورگەی خارک بۆ هەژدەهەمین ڕۆژە هیچ چالاکییەکی تۆمار نەکردووە؛ دۆخێک کە ئاماژە بە بەردەوامبوونی کێشە و گرفت لە گرنگترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەکات.

بەپێی ئەو داتایانە، لە کاتی هەڵسەنگاندنەکەدا، هیچ کەشتییەک لە سێ تێرمیناڵی بارکردنی نەوت لە دوورگەی خارک نەبینراوە. بە تایبەتی، تێرمیناڵی ڕۆژئاوای دوورگەکە بۆ 18 ڕۆژە بێ چالاکی ماوەتەوە.

دوورگەی خارک لە کەنداوی فارس، گرنگترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ئێرانە و بەشێکی زۆری نەوتی هەناردەیی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی ئەم دوورگەیەوە بار دەکرێت. بۆیە، هەر وەستان یان کەمبوونەوەیەکی درێژخایەن لە چالاکیی تێرمیناڵەکانی خارک دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر توانای ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت هەبێت.

ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز؛ ڕێڕەوێکی ستراتیژی کە بەشێکی گرنگی نەوت و گازی جیهان لە ڕێگەیەوە دەگوازرێتەوە.

کۆی ئەم داتایانە نیشان دەدەن کە لەگەڵ کەمبوونەوەی توندی هاتوچۆی دەریایی لە هورمز، وەستانی 18 ڕۆژەی چالاکی لە تێرمیناڵی ڕۆژاوای خارک بووەتە یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی بەردەوامبوونی کێشە لە هەناردەی نەوتی ئێران.

بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەتوانێت نەک تەنها توانای هەناردەکردنی نەوتی ئێران بخاتە ژێر فشار، بەڵکو کاریگەری لەسەر داهاتی نەوتی حکوومەتی ئێرانیش هەبێت؛ داهاتێک کە یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی دراوی بیانی بۆ تاران.


This item is part of
XS
SM
MD
LG