حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن، ڕۆژی پێنجشەممە بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشێکی کوشندەیان بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەستپێکرد، ئەمەریکا بە توندی ئەو هێرشانەی شەرمەزار کرد.
بەپێی سەرچاوەکانی حکومەتی یەمەن، هێرشەکان پارێزگاکانی حەدراماوت و مەریب گرتووەتەوە و، لانیکەم 30 سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
حوسییەکان کە لە لایەن ئەمەریکا بە گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشانکراون، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ناوچەکانی ئەلروەیق، ئەلعەبر، ئەلسانییە و کەمپەکانی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەیەکی هێزەکانی سعوودیە.
نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە یەمەن هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی ئەو سەربازانەی یەمەن دەربڕی کە ڕۆژی پێنجشەممە لە هێرشەکانی حەدراماوت و مەریبدا کوژران.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە یەمەن لە پۆستێکدا لە پێگەی خۆی لە ئێکس ڕایگەیاند: هێرشی ترسنۆکانەی حوسییەکانی سەر بە ئێران نموونەیەکی دیکەی تیرۆریزمیان لە دژی گەلی یەمەن پیشان دەدات."
حوسییەکان دژی حکومەتی یەمەن دەجەنگن کە وڵاتانی ناوچەکە بە سەرۆکایەتی عەرەبستانی سعودیە پاڵپشتی دەکەن. ئەو گرووپە لە ساڵی 2014 دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەختدا گرت و حکومەتی یەمەن ناچار بوو بەرەو باشوور پاشەکشە بکات و لە شاری بەندەری عەدەنەوە دەست بە چالاکییەکانی بکات.