لە یەکەمین کۆبوونەوەی ئاست باڵای نێوان هەردوو وڵات لە دوای هێرشەکانی سعودیە و ئەمەریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی چوارشەممە لە عوممان کۆبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، هەردوو وەزیر جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە نابێت خاک و تواناکانی عێراق بکرێنە ئامرازێک بۆ دەستدرێژی کردنە سەر دراوسێکانی.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، له دیدارەکەدا ئامادەکارییه تایبەتییەکانیان بۆ سەردانی شاندێکی ئەمنی عێراق بۆ سعوودیه تاوتوێ کردووه .
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی داهاتووی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعودیە تاوتوێ کردووە.
هەفتەی ڕابردوو سعودیە و ئەمەریکا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجامدا و بەهۆیەوە پێنج ئێرانی و 20 عێراقی کوژران.
ئەو هێرشانە دوای ئەوە ئەنجام دران کە ڕیاز چەندین جار ڕایگەیاند، دژی هێرشکردنە سەر دامەزراوە وزەییەکانن کە بە وتەی ئەوان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق ئەنجام دەدرێن.