کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە مانگی سێی ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم 56 کەس لە ئێران بە تۆمەتی ئەمنی لەسێدارە دراون.
ڤۆڵکەر تورک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە 27 لەو کەسانە خۆپیشاندەران بوون و لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون.
وتیشی لەم ماوەیەدا ڕەوتی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە.
کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد هەموو لەسێدارەدانەکان ڕابگرن و هەنگاو بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بنێن.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەدا نووسیویەتی "هەروەها نیگەرانم لەوەی کە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکار بهێنرێت."
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها مسۆگەر نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پرۆسەی یاسایی لە ئێراندا بە جێگای نیگەرانی زۆر ناو برد.
تورک نووسیویەتی "دەوترێت هەندێک دانپێدانان لە تۆمەتباران لە ژێر ئەشکەنجەدان یان جۆرەکانی تری مامەڵەی خراپدا وەرگیراون. هەروەها چەندین لەسێدارەدان لەشوێنی گشتیدا ئەنجامدراون. هەندێکی دیکە تەنها چەند هەفتەیەک دوای دەستگیرکردنیان ئەنجامدراون. بەپێی زانیارییەکان دوانزە تۆمەتبار دوای دانیشتنێکی داخراو کە سێ کاتژمێری خایاندووە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم 56 زیندانی سیاسی لە ئێران لە سێدارە دراون