Accessibility links

مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە

سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستیان کردەوە کە ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەک لە نێوان کاربەدەستانی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی یەکگرتن و یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە بە دامەزراوە و دەستەکانی حکومەتی سوریا تاوتوێ کراوە.

هەروەها باس لە هۆکاری هێواشی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە و ئاستەنگەکان و پرسە ئەمنی و سیاسییەکانی پەیوەست بە چارەسەری نێوان دیمەشق و هێزەکانی هەسەدە کرا.

ئەسەد حەسەن ئەلشەیبانی وەزیری دەرەوە و زیاد عەییش پارێزگاری دێرەزوور ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکان کرد سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی کە لە 29ی مانگی یەک واژۆ کرابوو، کە بریتی بوو لە یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.

کۆبوونەوەکە دوای چەند کاتژمێرێک هات لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ دیمەشق. نێچیرڤان بارزانی لە پێگەی خۆی لە ئێکس ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە سوریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دەکات، کە تێیدا مافی هەموو نەتەوە و ئاینیەکان پارێزراو بێت.

لای خۆیەوە مەزلوم عەبدی سەردانەکەی بارزانی بۆ دیمەشق بە "مێژوویی" ناوبرد و لەسەر پێگەی خۆی لە ئێکس نوسی: دڵنیاین ئەم سەردانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر سەقامگیری سوریا و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ناوچەکەدا دەبێت.

شایانی باسە بەشێک لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی نێوان هەردوولا لە دیمەشق بڵاوکراونەتەوە، بەڵام دەنگی ئەمەریکا نەیتوانی ئەو ئەنجامانە پشتڕاست بکاتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG