Accessibility links

سەرۆک ترامپ: دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامە بۆ ئەوەی تا سبەینێ تەنگەی هورمز بکرێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز تا سبەینێ. دۆناڵد ترامپ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە میانی بۆنەیەکدا لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، "ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی باش واژۆ بکەن، ئەگەرنا سەریان لێدەکرێتەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا وتی ئەم دانوستانانە لەسەر داوای ئێران، سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و قەتەر و چەندانی تر بەڕێوە دەچێت. ترامپ لە بارەی قەبارەی ئەو هێرشەی کە بڕیار بوو بکرێتە سەر ئێران گوتی ''گەورەترین هێرش دەبوو کە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانەوە ڕوویدابێت.''

لەبارەی مەرجی ئەمەریکاییەکانەوە، سەرۆک ترامپ گوتی دەبێت دەستبەجێ تەنگەی هورمز بە ڕووی بازرگانیدا بکرێتەوە. دوای ئەوە مەرجی دووەمە کە داماڵینی ئەو وڵاتەیە لە چەکی ئەتۆمی.

لە بارەی پابەندبوونی ئێرانەوە بە بازرگانیی ئازاد و خۆڕایی لە تەنگەی هورمز سەرۆک ترامپ گوتی ''دەبێت بەم جۆرە بێت. ئەگەر قەرار بێت پارە لە تەنگەکە وەربگیرێت، ئەوە دەبێت ئەمەریکا ئەو پارەیە وەربگرێت کە تەنگەکە دەپارێزێت، نەک ئێران. بەڵام بڕیار ئەوەیە کە هیچ پارەدانێک نەبێت و ئەمەش نابێتە بابەتی گفتوگۆ.''

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێشتا پلانی لێدانی سەربازی لە جێی خۆیەتی و ئەگەری جێبەجێکردنی هەیە ئەگەر ئێرانییەکان ڕێک نەکەون. لە حاڵەتێکی لەم جۆرە زۆر بە گران لەسەریان دەکەوێت.

سەبارەت بە نرخی سوتەمەنییش سەرۆکی ئەمەریکا شیکردنەوەی پێشکەش کرد و گوتی ''کاتێک بابەتی ئێرانمان چارەسەر کرد، ئنجا هەمووان دەبینن کە چۆن بە شێوەیەکی ئەرێنی نرخی نەوت دادەبەزێت.

شایەنی باسە ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە تایبەت بوو بە ئیمزاکردنی فەرمانێکی تایبەت بە کەسوکاری سەربازانی ئەمەریکا. بە گوێرەی فەرمانە نوێیەکە هەرچی لە بەرژەوەندیی کەسوکاری سەربازان بێت، دەخرێتە چوارچێوەی پلانەکانی کۆشکی سپی و هەموو ئەمەش لە پێناو باشترکردنی ژیانی سەربازان و کەسوکارەکەیان دەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG