دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، سەرکردەکانی ئێران "بێمتمانە و دووڕوون".
سەرۆک ترامپ لە پلاتفۆرمی تروث سۆشیەڵ ڕایگەیاند، ئێران لە لایەکەوە "دەپارێنەوە" بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئەمەریکا و لەولاشەوە بە ئاشکرا دەڵێن هێچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمەریکا ناکەن تەنها لەگەل عومان مامەڵە دەکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە ئەمە ڕاست نییە و ئێران خۆی داوای گفتوگۆ دەکات.
سەرۆک ترامپ ڕایشیگەیاند ئێران ئیدیعای کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز دەکات، بەڵام هێزی دەریایی ئەمەریکا کۆنترۆڵی تەواوی ئەو ڕێڕەوی ئاوییە گرنگەی لەدەستدایە.
سەرۆک ترامپ لە بەیاننامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە کە هیچ شتێک ناتوانێت بچێتە ناو ئێرانەوە ئەگەر ئەمەریکا ڕێگەی پێنەدات. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، یان ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێمە واژۆ بکات یان بەتەواوی خۆی ڕادەست بکات.
سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ڕازی بێت یان نا، ئێستا باس لە چارەسەری کێشەیەک دەکەین کە دەیان ساڵە دروستی دەکەن.
جەختیشی کردەوە کە ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی .