Accessibility links

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە یادی ئەنفالی بارزانییەکان داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراق دەکەن

IRAQ-KURDS/ANFAL
IRAQ-KURDS/ANFAL

ئەمڕۆ 43 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی هەزاران هاووڵاتی بارزانی لەلایەن حکومەتی پێشووی عێراقەوە تێپەڕ دەبێت و لەو یادەدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای قەرەبوو بۆ قوربانیان لە حکومەتی عێراق دەکەن.

هاوکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەخۆشی لە گەلی کورد کرد و گوتی ڕووداوەکە هەوڵێکی ڕژێمی بەعس بوو بۆ ڕاماڵینى ناسنامەی کورد.

ژنێکی بەتەمەن لە مەراسیمی هێنانەوەی ڕووفاتی هەندێک لە ئەنفالکراوەکان ڕۆژی 31ـی حەوتی 2022 لە شاری هەولیت.
ژنێکی بەتەمەن لە مەراسیمی هێنانەوەی ڕووفاتی هەندێک لە ئەنفالکراوەکان ڕۆژی 31ـی حەوتی 2022 لە شاری هەولیت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "جینۆسایدکردنی بارزانییان و گشت شاڵاوەکانی ئەنفال، برینی قووڵى نيشتمانن، بەڵام ئیرادەی گه‌لى كوردستانيان بۆ مانەوە و بەرگری لە مافە ڕەواکانی بەهێزتر کرد. لێرەوە جارێکی تر جەخت لەسەر ئەرکی ئەخلاقی و یاساییی حکومەتی عێراق دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالكراوان و ته‌واوی قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو."

لە 31ـی حەوتی 1983 حکومەتی عێراق بە سەرکردایەتی سەدام حسێن فەرمانی ئەنفالی بارزانییەکانی دەرکرد و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە هەشت هەزار ژن و پیاو و منداڵ برانە خوارووی عێراق و بێ سەروشوێن کران.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێرای دەربڕینی خەمناکی و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، دەڵێت، "پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ ئەرکی دەستووری و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال و هەموو کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکاتەوە."

ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە خەڵکی کوردستان ئەم تاوانانەی هەرگیز لە یاد نەچێتەوە و بزانێت کە گەلی کوردستان قوربانییەکی زۆر و بێوێنەی لەپێناو مافە ڕەواکانی داوە، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نابێت و بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ دەکات."

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بۆ کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان پەیامێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەم تاوانە، کە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەرکوتکاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە و بڵاوکردنەوەی ترس و دروستکردنی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەنجام درا، لە کۆتاییدا شکستی هێنا لە شکاندنی ئیرادەی گەلی عێراق کە هەمیشە ستەم و دیکتاتۆریەتی ڕەت کردووەتەوە.

دەشڵێت، "پێزانینی بەرزمان هەیە بۆ ئەو قوربانیدانە مەزنەی کە لەگەڵ قوربانیدانی تەواوی عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بەشدار بوو لە هەڵهاتنی خۆری ئازادی و دامەزراندنی سیستەمی دیموکراتیی فیدراڵیمان؛ ئەو سیستمەی هەمووان لە سایەیدا مافە دەستوورییەکان و شکۆ و ڕێزیان بەدەست هێنا."

This item is part of
XS
SM
MD
LG