Accessibility links

هێزەکانی ئێران کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان لە سنوری باشماخ دەکوژن

مادح کرمانی
مادح کرمانی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی پێنجشەممە هەواڵی کوژرانی کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی مەریوانی بە ناوی مادح کرمانی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو کردەوە.

هەنگاو ڕایگەیاندووە، ''کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی مادح کرمانی خەڵکی شاری مەریوان سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە سنووری باشماخ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا."

دەشڵێت، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە "دوای سێ ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.''

بە پێی ڕاپۆرتەکە، مادح کرمانی ڕۆژی سێشەممە لە سنووری باشماخی شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکان کراوەتە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەش داوە کە تەرمی مادح لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، خێزانەکەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی مانەوەی نەبوو.

بە گوێرەی هەنگاو، ''ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ـی مانگی حەوت هێزەکانی حکومەت پەیوەندییان بە بنەماڵەی قوربانییەکەوە کردووە و داوایان لێکردوون بچنە نەخۆشخانەی بوعەلی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان."

مادح کرمانی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە، خەڵکی گوندی خەیراباد و دانیشتووی شاری مەریوان بوو.

This item is part of
XS
SM
MD
LG