Accessibility links

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کوشتنی مەهدی تەوەکولی و ئەندامانی خێزانەکەی شەرمەزار دەکات

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا کوشتنی چالاکوانی فەرهەنگی و وێنەگری بەناوبانگ مەهدی تەوەکولی و دایک و خوشکێکی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە شەرمەزار کرد.

هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت کوشتنی تەوەکولی لە کاتێکدایە کە " ڕژێم لە پاش شۆڕشی «ژینا - ژن، ژیان، ئازادی» و ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ و هەروەها دوو شەڕی ١٢ و ٣٩ ڕۆژە، لەوپەڕی قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆیدایە و بەم کردارە دڕندانەیە دەیهەوێ کە قەیرانەکان لە خۆی دوور بکاتەوە و بە ترس و تۆقاندن کۆمەڵگە بێدەنگ بکات."

ڕایشیگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران "کەوتووەتە دۆخی لەناوچوونی یەکجاری، ترسی لە کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ٤٨ ساڵی ڕابردوودا؛ هەر درێژە بە تاوانەکانی وەک لەسێدارەدان، دەستڕێژکردن و هەروەها بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا."

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوای هەڵوێستی گشتگیر و هەمەلایەنە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئیڕان دەکات و دەڵێت ئەو ڕژێمە "شەڕی لە دژی نەتەوەکەمان و گەلانی دیکەی ناو ئێران ڕاگەیاندووە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، پێویستیمان بە تێکۆشان و هەڵوێستێکی گشتی و هەمەلایەنە لە بەرانبەر ئەو ڕژێمە تیرۆریستییەدا هەیە."

ڕۆژی یەکشەممە وێنەگر و چالکوانی فەرهەنگی کورد مەهدی تەوەکولی لەگەڵ دایکی به ناوی مەریەم ئه سڵانی و خوشکێکی به ناوی سومەیە بەهۆی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگای نێوان مەریوان بانە کوژران.

ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنیان ڕۆژی دووشەممە بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکانیان، خزمانیان و ژمارەیەک لە چالاکوانان و کەسایەتییە هونەرییەکانی کوردستان لە بەهەشتی موحەممەدیی سنە بەڕێوە چوو. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادە بوون، بەڵام سەرباری ئەوەیش کێلی گۆڕی هەرسێکیان ڕستەی «شەهیدی کوردستان» نووسراوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG