Accessibility links

مانگرتنی سەدان بەندکراو لە ئێران بەردەوامە

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە دەکەن بەوەی لە دەمێکدا دۆخی ئەو بەندکراوانەی لە ئێران مانیان لە خواردن گرتووە بەرەو ناجێگیربوون دەچێت، بەرپرسان سەرنجیان نەداوەتە ناڕەزامەندی مانگرتووان.

لە ڕۆژی دووشەمە، 13ـی حەوتی 2026ـەوە، نزیکەی 1500 بەندکراو لە بەندینخانەی قزلحەسار لە شاری کەرەج دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، دوای ئەوەی کاربەدەستانی بەندیخانەکە شەش بەندکراویان بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان گواستەوە کە مەترسی لەسێدارەدانیان لە سەرە.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە لایەن چالاکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات بڵاوکراونەوە، بەندکراوان دەبینرێن کە لە ڕێڕەوی بەندیخانە دانیشتوون و دروشمی"نا بۆ سێدارە" دەڵێنەوە. یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان پیشانی دەدات کە بەندکراوێک بەبێهۆشی لەسەر ئەرد ڕاکشاوە، لەکاتێکدا چەند بەندکراوی دیکە دەیخەنە سەر پەتۆیەک و بە پەلە ڕایدەگوێزن.

بە گوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، بنکە لە ئوسڵۆ، ئەمساڵ بە لایەنی کەم 424 بەندکراو لەسێدارە دراون و سەدان بەندکراوی دیکەش بڕیاری سێدارەیان بۆ دەرچووە.

ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژی شەممەدا دەڵێت، "هاوکاتی دەستپێکردنی سێیەم حەوتووی مانگرتن لە خواردن، دەستەڵاتدارانی بەندیخانەی قزلحەسار دەستیان بە گوازتنەوەی بەربڵاوی بەندکراوان کردووە، کە ڕاگواستنی نزیکەی 140 بەندکراو بۆ ژوورەکانی دیکەی بەندکردن دەگرێتەوە، واتا ئەوانەی بڕیاری مەرگیان بۆ دەرچووە."

هەروەها ڕۆژنامەی گاردیەن ڕۆژی سێشەممە ئاماژەی داوە بە گوتەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، کە دەڵێت "تەنیا ساڵی پار، لانیکەم 795 بەندکراو بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون." ڕاشیگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ناڕەزایی نێونەتەوەیی بەردەوام بووە لەسەر لەسێدارەدانەکان.

هەروەها ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، بەندکراوان دەزانن کە کاربەدەستانی بەندیخانەکە هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن لەسێدارەیان بدەن، بەڵام هێشتاش ئەو بەندکراوانە دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕیوە بەو هیوایەی کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سەرئەنجام گوێبیسی داخوازی ئەوان بن.

هەروەها ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە دەکەن کە هیچ تیمێکی داودەرمان بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی تەندروستی بەندکراوان ڕەوانە نەکراون و بەرپرسانیش هێچ وەڵامێکی داخوازی بەندکراوانیان نەداوەتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG