حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند کە دامەزراوەکانی نەوتی سعودیەیان لە بەندەرەکانی جیزان و یەنبوع کردووەتە ئامانج. هاوکات، هێزەکانی سەر بە عەرەبستانی سعودیە، پێگە سەربازییەکانی حوسییەکانیان لە یەمەن بۆردومان کرد.
یەحیا ساری، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ڕایگەیاند، ئەو گرووپە "سەرکەوتووانە" دامەزراوەکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆیان لە جیزان و یەنبوع کردووەتە ئامانج.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن ڕۆیتەرزەوە پشتڕاست کراوەتەوە، دوکەڵێکی گەورە دیارە کە گوایە لە نزیک پاڵاوگەی ئارامکۆ لە جیزان هەڵدەستێت.
تا ئێستا کۆمپانیای ئارامکۆ هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو هێرشانە نەداوە.
لە یەنبوع، دوو مووشەکی بالیستیک ئاراستەی دامەزراوە نەوتییەکان کران، کە سەرچاوە ئەمنییەکانی یۆنان دەڵێن لە لایەن سیستەمی پاتریۆت ڕێگرییان لێکراوە. ئەم سیستەمە لە لایەن سوپای یۆنان لە سعودیە بە پێی ڕێکەوتنێک بەڕێوە دەچێت.
یەنبوع گرنگترین بەندەری هەناردەکردنی نەوتی سعودیەیە لەسەر دەریای سوور. لەگەڵ پەکخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بەندەرەکە بووەتە یەکێک لە ڕێگا سەرەکییەکانی هەناردەکردنی ملیۆنان بەرمیل لە نەوتی سعودیە. هەروەها پاڵاوگەی جازان توانای پاڵاوتنی ڕۆژانەی 400 هەزار بەرمیلی هەیە.
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، هێزی ئاسمانی حکومەتی یەمەن کە لەلایەن عەرەبستانەوە پاڵپشتی دەکرێت، شوێنی هەڵدانی مووشەک و درۆنی حوسییەکان و کۆگاکانی چەکی لە پارێزگاکانی مەریب و ئەلجەوف بۆردومان کرد. هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی سعودیە هێرشی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە بەندەری حودەیدەش ڕاگەیاند.