Accessibility links

پارتی ئازادی دەڵێت ئێران فسفۆڕی سپی دژی پێشمەرگەکانی بەکارهێناوە

بەرپرسێکی پارتی ئازادی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە هێرشە درۆنیەکەی دوێنێی ئێران بۆسەر بنکەو بارەگاکانیان کە بووە هۆی بریندار بوونی هەشت پێشمەرگە، ئێران فسفۆڕی سپی بەکارهێناوە، بۆیە پێشمەرگە بریندارەکان بەشێکی زۆر لە جەستەیان سووتاوە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

ئاماژە بەوەش دەکات، داوا دەکەن لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ سەلماندنی ئەگەری ئەو تاوانە پێکبهێندرێت.

ئەدیب خەلیلیان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " هێرشی ئەمجارە جیاواز بوو لە جارەکانی تر ئاگرێکی زۆر گەورەی لێکەوتەوە، جگە لە برینداربوونی پێشمەرگەکانمان بەشێکی زۆر لە جەستەیان سووتاوە کە ڕێژەکەیان دەگاتە لە سەدا 25، هەموو نیشانە سەرەتاییەکان دەری دەخەن کە ئێران چەکی فسفۆڕی سپی لە دژمان بەکارهێناوە."

وتیشی،" دکتۆرەکانیش بە پێی پشکنینەکان پێیان وایە پێشمەرگەکان بە فسفۆر سووتاون، نەک سووتانی ئاسایی، بۆ دڵنیابوونەوە داوای لیژنەیەکی ئەمنی و تەندروستی دەکەین کە مەیدانی لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی ناوچە سووتاوەکە بکەن، تا بگەنە دەر ئەنجامێکی ڕاست."

درەنگانی شەوی ڕابردوو 19ی مانگی حەوت کاتژمێر 2:10 دەقیقە ئێران هێرشی درۆنی کردە سەر بارەگای سوپای میللی کوردستان لە چەمشار لە نزیک دارەشەکران، کە بارەگای پارتی ئازادی کوردستانە و بەو هۆیەشەوە 8پێشمەرگە بریندار بوون.

دوابەدوای هێرشەکە پارتی ئازادی کوردستان بەییانامەیەکی بڵاوکردەوە، وێرای جەخت کردنەوەی حزبەکە لە بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕ لە دژی پێشمەرگەکانیان، دەڵێت، " ئەم پەلامارە تەنها تاوانێک نییە، بەڵکو پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤیی لە کاتی شەڕدایە. بەکارهێنانی ئەو تەقەمەنییانەی کە سووتاندنی مرۆڤ و ژینگەی لێدەکەوێتەوە، لەگەڵ بنەماکانی مرۆڤایەتی و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی دەوڵەتان ناتەبایە."

بەیاننامەکە دەشڵێت ،" کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی نابێ ئەم تاوانە بێوەڵام بێڵێتەوە.داوا لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و هەموو دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییە پێوەندییدارەکان دەکەین هەنگاوی یاسایی پێویست بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبگرن."

پارتی ئازادی داوا دەکات، حکومەتی عێراق و هەرێم بێدەنگ نەبن لە ئاست پێشێلکاری سەروەری عێراق و هەرێـی کوردستان و ژینگە و خاکەکەیان بپارێزن، چونکە،" بێدەنگی لە ئاست بەکارهێنانی چەکە قەدەغەکراوەکان، ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانە مەترسیدارانە خۆشدەکات."

This item is part of
XS
SM
MD
LG