نەتەوە یەکگرتووەکان 20ی مانگی حەوت وەک "ڕۆژی جیهانی مانگ" یاد دەکاتەوە کە ساڵڕۆژی یەکەم نیشتنەوەی مرۆڤە لەسەر مانگ لە ساڵی 1969دا کە لە میانەی ئەرکی مێژوویی ئەپۆلۆ 11دا بەڕێوەچوو.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2021دا ئەم ڕۆژەی دیاریکردووە بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەکارهێنانی ئاشتیانەی واڵایی ئاسمان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە مانگ.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە ئەم ڕۆژە نەک تەنها یادی یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتە زانستییەکانی سەدەی بیستەم دەکاتەوە، بەڵکو وەک دەرفەتێکە بۆ جەختکردنەوە لەسەر هاوکاری جیهانی لە گەڕان بەدوای پرسەکانی پەیوەند بە مانگ لە داهاتوودا و بەکارهێنانی بەرپرسیارانە و ئاشتیانەی واڵایی ئاسمان.
چالاکییەکەی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ سەرکەوتنی ئەرکی ئارتەمیس 2ی ناسا؛ ئەو ئەرکە کە لە مانگی چواری 2026دا ئاسمانگەڕانی بردە دوورترین دیوی مانگ لە مێژوودا و دوای ئەرکێکی 10 ڕۆژە بە سەلامەتی گەڕاندنییەوە سەر زەوی، ئەمەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک نموونەیەک لە پێشکەوتنی زانستی و هاوکاری نێودەوڵەتی سەبارەت بە مانگ و واڵایی ئاسمانی ستایش کراوە.