Accessibility links

حزبی دێموکرات دەڵێت بەشێک نییە لە بەیاننامەی ئەم دواییەی کۆنگرەی ئازادی ئێران

حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە کە لە داڕشتن یان پەسەندکردنی بەیاننامەیەکی ئەم دواییەی کۆنگرەی ئازادی ئێران سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئەمەریکا و لێکەوتەکانی، دەستی نەبووە.

بە گوێرەی ڕوونکردنەوەیەکی ئەو حزبە لە پێگەی فەرمی خۆی لە ئیكس، ئەو پارتە لە ئۆرگانە بەڕێوەبەرییەکانی کۆنگرەکەدا نییە بۆیە بەشداری ئامادەکردن و پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە نەبووە.جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئەو بەڵگەنامەیە گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمی ناکات و دەڵێت " نێوه‌رۆکی ئه‌و به‌یاننامه‌یه به هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانانرێ و هیچ پێوه‌ندییه‌کی به‌‌و حیزبه‌وه نییه."

حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووپاتی کردەوە کە سیاسەت و هەڵوێستە فەرمییەکانی تەنیا لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی خۆی و کەناڵە ڕاگەیاندنەکانەوە دەگوازرێنەوە. ڕوونکردنەوەکە لە لایەن کۆمیتەی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان لە دەرەوەی وڵات بڵاو کراوەتەوە.

کۆنگرەی ئازادی ئێران هاوپەیمانییەکە کە لەم دواییانەدا لە کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان، پارتە سیاسییەکان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی سەربەخۆی ئێران دامەزراون و دەڵێن ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە بەرەوپێشبردنی هاوکارییە لەسەر گواستنەوەی دیموکراسی لە ئێران.

کۆنگرەی ئازادیی ئێران لە بەیاننامەیەکی ئەمدواییەیدا کە لە تۆڕی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە شەڕ ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت "لە ڕوانگەی ئێمەوە "نا بۆ کۆماری ئیسلامی" و "نا بۆ شەڕ" دوو لایەنی دانەبڕاوی خەبات بۆ ئایندەیەکی ئازاد و دێموکراتیک لە ئێرانن."

کۆنگرەکە دەشڵێت "ڕاوەستان لەدژی چەوسانەوەی ناوخۆیی ئێران بە مانای پشتیوانی لە دەستێوەردانی سەربازیی دەرەکی نییە. بە هەمان شێوە دژایەتیکردنی هێرشە دەرەکییەکان بە مانای چاوپۆشیکردن لە بەرپرسیارێتی حکومەتی ئێران لە قەیرانەکانی وڵات و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ نییە."


This item is part of
XS
SM
MD
LG