Accessibility links

لە سوریا دەست بەسەر بارێکی تری چەکی ئێران بۆ حزبوڵڵا دەگیرێت

سوریا بۆ جاری دووەم لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بڕێکی زۆر چەکی ئێرانی دۆزیوەتەوە و دەستی بەسەردا گرتووە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی عێراقەوە بۆ حزبوڵڵای ڕەوانە کردووە.

ئەو وێنانەی کە ڕۆژی یەکشەممە لە میدیاکانی سوریا بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن چەکەکان لە نێو بارهەڵگرێکی پڕ لە خەیاردا شاردراونەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەڵێت ئەو چەکە "پێشکەوتووانەی" کە لەسەر سنووری عێراق دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە مووشەکی دوور مەودا، مووشەکی دژە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئێران ویستویەتی ئەم چەکانە بگەیەنێتە دەستی حزبوڵڵا.

سەرچاوەیەک بە دەزگای ئەمنی سوریای ڕایگەیاندووە سەرجەم زانیارییەکانی پەیوەست بەو چەکە قاچاخانە دەدرێنە حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانرێت لێکۆڵینەوە لە تۆڕی ناردنی چەک بۆ حزبوڵڵا لە ڕێگەی خاکی سوریاوە بکرێت.

هەروەها سوریا پێنجشەممەی ڕابردووش دەستی بەسەر بارێکی دیکەی چەکدا گرت کە بۆ حزبوڵڵا نێردرابوو.

This item is part of
XS
SM
MD
LG