Accessibility links

کۆمیدیاکارێک لە تورکیا بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئایین و ئەردۆغان دەستگیر کرا

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتد پرێس، ئەمڕۆ هەینی دادگایەکی تورکیا بڕیاری دا کۆمیدیانی ناسراو دەنیز گۆکتاش تا کاتی دەستپێکردنی دادگاییەکەی لە زیندان بمێنێتەوە، ئەویش بە تۆمەتی سووکایەتی کردن بە بەها ئایینییەکان و سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان.

گۆکتاش دوای گەڕانەوە لە گەشتی دەرەوەی وڵات، لە فڕۆکەخانەی سەرەکی ئیستانبوڵ دەستبەسەر کراوە.

لە یەکێک لە نمایشە کۆمیدییەکاندا، کە لە مانگی ڕابردوو تۆمار کراوە و زیاتر لە 9 ملیۆن و نیو جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەیر کراوە، ئەردۆغان بە "دیکتاتۆر" ناوبراوە. گۆکتاش لە لێکۆڵینەوەکاندا وتوویەتی مەبەستی سووکایەتی کردن بە ئایین یان سەرۆک کۆمار نەبووە و وتەکانی تەنها لە چوارچێوەی گاڵتە و ڕەخنەی کۆمەڵایەتیدا بوون.

دوای بڕیاری دەستبەسەرکردنی، دەیان کەس لە دەرەوەی دادگا بۆ پشتگیری لە گۆکتاش کۆبوونەوە و دروشمی دژە حکومەتیان گووتەوە.

بەپێی یاسای تورکیا، سووکایەتی کردن بە سەرۆک کۆمار تاوانێکی سزادارە و سزای زیندانی تا چوار ساڵی بۆ دیاری کراوە.

ڕەخنەگران دەڵێن لە ماوەی دەسەڵاتداری ئەردۆغاندا ئازادی دەربڕین بەردەوام سنووردارتر بووە، بەڵام حکومەتی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دادگا و دەزگا دادوەرییەکان سەربەخۆ و بێلایەن کار دەکەن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG