ساڵانێکی زۆر تەندروستی دەم و ددان وەک کێشەیەکی جیاواز لە ئەندامەکانی تری جەستە سەیر دەکرا، بەڵام ئەو سنوورە خێرا لەناو دەچێت. ئێستا چەندین توێژینەوە پیشانی دەدەن کە نەخۆشیی پوک پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی مەترسی جەڵدەی دڵ، شەکرە و تەنانەت مردنی پێشوەختیش.
بە گوێرەی کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکا و ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری نەخۆشیەکان، هەڵئاوسان و داخورانی پوک لەگەڵ کلۆربوونی ددانەکان مەترسییەکی سەرەکییە، چونکە ژەهر و بەکتریا لە ڕێگەی برینەکانەوە دەچنە ناو خوێنەوە، کە کاردەکەنە سەر ملوولە خوێنەکانی ناو دەم و ماسولکە، بەمەش هاوسەنگی سیستەمی بەرگری جەستە تێکدەچێت. بەم شێوەیە، نەخۆشی دەم دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی بەردەوام هەڵئاوسانی بچووک و درێژخایەن لەسەر تەواوی جەستە کار بکات.
کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکا لە توێژینەوەیەکی نوێدا، کە لەسەر زیاتر لە 15 هەزار کەس ئەنجام دراوە، ئەم ئەنجامانە ئاشکرا دەکات:
- ئەو کەسانەی کە دەم و پوک و ددانیان نەخۆش و کێشەدار بوو، بە گشتی 22٪ زیاتر مەترسی مردنیان لەسەر بووە.
- ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی پوک بوون، مەترسی مردنیان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ 38٪ زیاتر بووە.
- مەترسی مردنیان بەهۆی شەکرەش 68٪ زیاتر بووە.
هەروەها، ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیری نەخۆشیەکان توێژینەوەیەکی تری درێژخایەن لەسەر کەسانی تووشبوو بە شەکرەی جۆری دوو، ئەمانەی خوارەوەی نیشان دا:
- ڕێژەی مردن بۆ ئەوانەی نەخۆشیی هەڵئاوسان و داخورانی پوکیان هەبوو، 28.4 مردن بوو بۆ هەر هەزار کەس لە ساڵێکدا.
- بەڵام بۆ ئەوانەی ددان و پوکی تەندروستیان هەبوو، تەنها 3.7 مردن بۆ هەر هەزار کەس لە ساڵێکدا تۆمارکراوە؛ واتە نزیکەی هەشت هێندە جیاوازی لە ڕێژەی مردندا هەیە.
- هەروەها، ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی ددان و پوک بوون، 3.2 هێندە زیاتر مەترسی مردنیان بەهۆی نەخۆشیی دڵ یان تێکشکانی گورچیلەوە هەبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی زانستی گۆڤاری کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکا، لە شاری ئەتلانتا لە ویلایەتی جۆرجیا، ئەنجامەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە پەیوەندی بەهێز هەیە لە نێوان نەخۆشیی پوک و ددان لەگەڵ نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشیە درێژخایەنەکان.
شارەزایان دەڵێن بۆ ڕێگری لەو مەترسییانە دەبێت ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدرێن: دوو جار لە ڕۆژێکدا ددانت بشۆ، یەک جار پێش خەوتن فڵۆس (داوی ددان) بەکار بهێنە، و ساڵانە دوو جار سەردانی پزیشکی ددان بکە. وەک دکتۆر مارک وۆلف لە کۆلێژی پزیشکی ددانی زانکۆی پێنسڵڤانیا ئاماژە دەکات، ئەم هەنگاوانە بنەمای پاراستنی تەندروستی ددان و پوکن.