Accessibility links

دادگای پێداچوونەوەی عێراق بڕیاری لە سێدارەدان بۆ 'جەلادەکەی نوگرە سەلمان' پەسەند دەکات

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 2ـی حەوتی 2026، ڕایگەیاند دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، ناسراو بە "جەلادەکەی نوگرە سەلمان"، دەربڕیوە.

عەجاج (حەجاج) تکریتی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی حکومەتی عێراق بوو لە سەردەمی ڕژێمی بەعس. ئەو لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا سەرپەرشتی بەندیخانەی نوگرە سەلمانی دەکرد لە بیابانی پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق.

دادگاکانی عێراق پشتڕاستی دەکەنەوە کە ناوبراو بەرپرسیار بووە لە ئەشکەنجەدان، کوشتن، و برسییکردن و تینووهێشتنەوەی هەزاران هاووڵاتیی کورد.

سەرۆکی دادگای تاوانەکانی عێراق، دادوەر سەعد لامی، لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی ئەو تاوانانەی کە عەجاج تکریتی ئەنجامی داون، "پێشێلکاری دڕندانەن" بەرامبەر بە زیندانیانی نوگرە سەلمان.

عەجاج تاوانبار کراوە بە کرداری نامرۆڤانە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی کورد، وەک ئەشکەنجەدانی جەستەیی و برسیکردن و تینوکردن هەتا مردن، جگە لە دەستدرێژیکردنە سەر ژمارەیەک ژن لە شاڵەوەکانی ئەنفالدا.

سەرۆکی دادگا ئاماژەی دا کە دۆسیەکە دەنێردرێت بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسەندکردن و دەرکردنی فەرمانە کۆمارییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکە.

شایەنی باسە، دادگای باڵای تاوانەکان لە 14ـی پێنج بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ عەجاج دەرکرد. بڕیارەکە پێشوازی فراوانی خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG