ڕۆژەکانی عێراق بە دۆخێکی پڕ ململانێ و لەژێر چاودێری تووندی هێزە ئەمنیەکاندا تێدەپەڕ دەبن، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق دەڵێت سورە لەسەر دەستگیرکردنی گەندەڵکاران.
وێڕای دڵخۆشی شەقامی گشتی لەمەڕ پرۆسەی پاکسازی، بەڵام مەترسی کاردانەوەی لایەنە تێوەگلاوەکان لە گەندەڵی و دزی، دۆخێکی هەستیار و ململانێئامێزی بۆ عێراق بە دوای خۆیدا هێناوە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو ناوچەی سەوز لە بەغدا ئاڵۆزی ئەمنی تووندی بەخۆیەوە بینی. وێڕای دەنگی تەقە و بەکارهێنانی چەکی قورس، بە وتەی سەعد مەعن سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، درۆنێکی خۆکوژی لە ئاسمانی ناوچەکەدا خراوەتە خوارەوە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی لە عێراق، هەڵمەتەکەی زەیدی پێدەچێت لەمپەری گەورە بێتە ڕێی و ئەگەر دەست ببردرێت بۆ بەرپرسانی باڵای عێراق، ڕەنگە کاردانەوەی ناوخۆیی و تەنانەت هەرێمیش بەدوای خۆیدا بهێنێت.
لە لایەکی تریشەوە، چاودێران دەڵێن پێدەچێت ئێران لە دۆسیەی دەستبردن بۆ چەند بەرپرسێک کە بە پارێزەری بەرژەوەندیە ئابوویەکانی تاران دادەنرێن، بێدەنگ نەبێت و دوور نیە هەوڵی نانەوەی پشێوی لە ناوخۆی عێراقدا بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی عێراقەوە، چەند سەرکردەیەکی باڵای عێراق ناویان لە لیستەکەی زەیدیدا هاتووە، کە دەست بۆ بردنیان بۆ کابینەکەی زەیدی ئاسان نابێت.
بەڵام زەیدی کە وابڕیارە لە 17ی ئەم مانگە سەردانی واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا بکات، دەیەوێت بە دەستێکی پڕ دەستکەوتەوە بێت و دوو مەلەفی گرنگ لەگەڵ خۆیدا ببات، ئەوانیش دۆسیەی سنوردارکردن و چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکانی عێراق و پرسی گەندەڵی و سپیکردنەوە و هەناردەی دۆلارە بۆ ئێران.
لە ئێستادا عێراق لە ژێر ڕێوشوێنی ئەمنی توند دایە، بەڵام شارەزایان دەڵێن، مەترسیەکان لەبەردەم هەوڵەکانی زەیدی کەم نین لەم قۆناغەدا.