Accessibility links

عێراق: ئۆپەراسیۆنی دژە گەندەڵی بەردەوامە و پارە وەرگیراوەکان دەخرێنە سەر هەژمارێکی تایبەت

حەیدەر ئەلعەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزارەتی دارایی کردووە هەژمارێکی بانکی تایبەت بکاتەوە بۆ ئەو پارانەی لە گەندەڵکاران وەردەگیرێنەوە.

ئەلعەبودی ڕوونی کردەوە کە "ئەم هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەیە کە لە کەسانی گەندەڵ وەردەگیرێتەوە."

لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، ئەلعەبودی ڕایگەیاند، حکومەت بە نیازە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بۆ پاراستنی سەروەت و سامانی گشتی جێبەجێ بکات و دامودەزگاکانی دەوڵەت بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.

ئەلعەبودی جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسایشییە بەردەوام دەبێت، لەکاتێکدا هەتا ئێستا 21 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون و ئۆپەراسیۆنی بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەش کە لە گەندەڵی تێوەگلاون بەردەوامە.

دوابەدوای دەستگیرکردنی دەیان بەرپرس و پەرلەمانتار لە عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پاراستن و بەرگرییەک بۆ هیچ گەندەڵکارێک لەو وڵاتەدا نییە.

هەروەها درەنگانی شەوی یەکشەممەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە وتارێکدا ڕایگەیاند، شەو و ڕۆژ بە دوای گەندەڵکاراندا دەگەڕێن.

زەیدی ئاماژەی بەوەشکرد، "پارەی عێراقییەکان بە حکومەت دەسپێردرێت" و گوتی، عێراق لاپەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە.

شایانی باسە ئۆپراسیۆنی دژ بە بەشێک لە بەرپرسان و پەرلەمانتاران و بازرگانان بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە بەغدای پایتەخت دەستیپێکرد.

بە گوتەی حکومەتی عێراق، ئەو سەرکوتکردنە بەردەوام دەبێت هەتا پارەی خەڵک لە گەندەڵکاران دەسەندرێتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG