ئەمڕۆ شەممە بە ئەنجامدانی شەش یاری لە سێ کۆمەڵەدا، یەکلایی دەبێتەوە کام هەڵبژاردانە سەردەکەون بۆ قۆناغی 32 لە جامی جیهانی.
لە کۆمەڵەی ئێڵ، هەردوو هەڵبژاردەی کرواتیا و غانا لە یاریگای فیلادلفیا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. لە هەمان کاتدا پەنەما بەرامبەر ئینگلتەرا یاری دەکات.
لەم کۆمەڵەیەدا ئینگلتەرا و غانا بە چوار خاڵ لە پێشن. کرواتیا دوای ئەوان دێت، کە بە سێ خاڵ لە پلەی سێهەمدایە. پەنەما لە پلەی کۆتاییدایە و هیچ خاڵێکی نییە.
لە کۆمەڵەی کەی، کۆڵۆمبیا و پورتوگال لە یارییەکی چاوەڕوانکراودا لە شاری مەیامی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. لەم کۆمەڵەیەدا، کۆڵۆمبیا بە شەش خاڵ سەرکەوتنی بۆ قۆناغی 32 مسۆگەر کردووە. لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەیەوێت بە سەرکەوتن یان یەکسانبوون بتوانێت بچێتە قۆناغی داهاتوو.
لە هەمان گروپدا کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لە شاری ئەتلەنتا ڕووبەڕووی ئۆزبەکستان دەبێتەوە.
لە کۆمەڵەی جەی، ئەرجەنتین و ئوردن لە یاریگای داڵاس یاری دەکەن. هەروەها لە یاریگای کانساس سیتی، جەزائیر و نەمسا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. لەم کۆمەڵەیەدا تەنها هەڵبژاردەی لیۆنێل مێسی جێگەی خۆی لە قۆناغی 32 مسۆگەر کردووە.
یارییەکانی قۆناخی 32 ڕۆژی یەکشەممە بە یاری نێوان کەنەدا و ئەفریقای باشوور لە لۆس ئانجلۆس دەستپێدەکەن.