Accessibility links

ڕاپۆرت: عێراقچی و ویتکۆف بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان بەرەو سویسرا بەڕێ دەکەون

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ دابینکردنی سەکۆیەکی "نهێنی و متمانەپێکراو" بۆ گفتوگۆکانی نێوان شاندی ئەمەریکا و ئێران، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە دەکەن بەوەی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو سویسرا بەڕێکەوتوون.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ئاکسیوس، نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف و وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان بەرەو سویسرا بەڕێ کەوتوون.

ئەو وێبسایتە دەڵێت دوای جێبەجێبوونی ئاگربەست لە لوبنان، هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ڕێککەوتنی کاتیی شەڕی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی هەرێمی دەستیان پی کردوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕۆژی شەممە ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دابینکردنی سەکۆیەکی "نهێنی و متمانەپێکراو" لە هاوینەهەواری بورگنشتۆک بۆ هاوکاری گفتوگۆکان، بەڵام هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردەوە لەسەر وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکان.

پێشتر بڕیار بوو نوێنەرانی ئێران و ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە سویسرا یەکتر ببینن و یەکەم خولی گفتوگۆکان دوای ڕێککەوتنی کۆتاییهاتنی شەڕ دەست پێ بکات، بەڵام دەگوترێت زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە نێوان حزبوڵا و ئێسرائیل دەستپێکردنی گفتوگۆکانی دواخست.

ئاکسیۆس هەروەها بڵاوی کردوەتەوە لەگەڵ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان، ویتکاف بەرەو سویسرا بەڕێ کەوتوە بۆ ئەوەی بگات بە جارێد کۆشنەر کە پێشتر لەوێ ئامادە بووە. هەروەها عەباس عێراقچی بڕیارە ئەمڕۆ شەممە بۆ سویسرا گەشت بکات.

پێشتر راگەیێندرابوو کە ئیسرائیل و حزبوڵا کاتژمێر چوارى دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، دوای توندبوونەوەی پێکدادانەکان، لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن. بەڵام ئەمڕۆ دیسان بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی رایگەیاند کە لە وەڵامی هێرشی حزبوڵا، چەندین شوێنی باشووری لوبنانیان کردووەتە ئامانج.

دیار نیە کە ئایا ئەم دەورە نوێیە لە پێکدادان لە نیوان ئیسرائیل و حزبوڵا کاریگەری بەسەر کۆبوونەوەکانی سویس دەبێت یان نا.

بە گوێرەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران، ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە لوبنان بەشێکە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست.

This item is part of
XS
SM
MD
LG