حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق هەوڵدەدەن لەڕێی زیادکردنی هەناردەی عێراق بە بۆرییەکانی هەرێمی کوردستاندا، چارەسەری ئەو قەیرانە داراییە سەختە بکەن کە بەهۆی داخستن و سنووردارکردنی تەنگەی هورمزەوە ڕووبەڕووی عێراق بووەتە.
لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا حکومەتی عێراق بەشێک لەو قەیرانە سەختە داراییە چارەسەردەکات کە ڕووبەڕووی بوەتەوە و حکومەتی هەرێمیش دڵنیای زیاتر دەستەبەردەکات سەبارەت بە شایشتە داراییەکانی و گەیشتنی بڕە بودجەی هەرێم بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران.
دکتۆر یەریڤان سەعید، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری جیهانیی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆ ئەمەریکی لە واشنتن، دەڵێت بەراورد بە پێشتر کات و قەیرانەکان جیاوازن چونکە لەکۆتایی مانگی دووەوە هەناردەی نەوتی عێراق و بەهۆی جەنگی ئێران و داخستن و سنووردارکردنی هاتوچۆی کەشتییەوانی لە تەنگەی هورمزەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و کاریگەری قورسی لەسەر عێراق هەبووە. ئێستا داهاتی مانگانەی عێراق لە نزیکەی 7 ملیارد دۆلارەوە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 2 ملیارد دۆلار.
ئەو دەڵێت، "ئێستا کاتەکە زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بگەنە ڕێککەوتنێکی باش بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت."
لە ڕۆژی دەستپێکردنی شەڕی دژ بە ئێران لە 28ی مانگی دووەوە هەناردەی نەوتی عێراق لە باشوری وڵات نزیکبووەتەوە لە وەستانی تەواو. لەوکاتەوە ناردنی نەوت بە بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە پێویستییەکی بنچینەیی. لە مانگی ئازارەوە حکومەتی عێراق ڕۆژانە 180 هەزار بۆ 220 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک بە بۆرییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەناردەی دەرەوە دەکات.
ناردنی نەوتی کەرکوک بە بۆرییەکانی هەرێمی کورستاندا بووەتە سەرچاوەی سەرەکی داهات بۆ عێراق لەم کاتەدا.
ڕۆژی 3ی مانگی شەش، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا کە هەناردەی نەوت بەبۆری و بارهەڵگر ڕۆژانە لە 220 هەزار بەرمیل بۆ 770 هەزار بەرمیل زیادبکات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، بۆ چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، کە سەرچاوەی لە 90%ی داهاتی وڵاتەکەیە.
زیادکردنی هەناردەی نەوت بە بۆرییەنەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بووەتە بژاردەیەکی لەبار بۆ کەمکردنەوەی کێشە داراییەکانی عێراق. دکتۆر سەعید دەڵێت هەرێمی کوردستان جگە لە بەکارهێنانی بۆرییەکانی بۆ هەناردەی نەوت دەتوانێت ڕۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکات، "لەگەڵ هەناردەی کەرکوک دەتوانرێت تێکرای هەناردەی ڕۆژانە بگەیەنرێتە نزیکەی 750 هەزار بەرمیل."
هەرێمی کوردستانی عێراق چەندین گرفتی کەڵەکەبووی سیاسی و دارایی و دەستووریی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەیە و سەربای چەندین گەڕی گفتوگۆو رێککەوتن لە ساڵانی ڕابردوودا تائێستا چارەسەری بنچینەیی ئەو کێشانە نەکراون.
لە دوای دەستبەکاربووی ئەلزەیدی وەک سەرۆک وەزیران لە 16ی مانگی پێنج ئومێدەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان گەشەیانکردووە. ڕۆژی 23ی مانگی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای کردوو لەگەڵ ئەلزەیدی و چەندین بەرپرسانی تری عێراق کۆبوویەوە و ڕایگەیاند،"هەرێم ئامادەیە ڕۆڵی کاریگەر لە هاوکاریکردنی ئابوری عێراقدا بگێڕێت."
دکتۆر سەعید دەڵێت کە دەستەبەرکردنی ئاسایشی کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگترین خاڵە کە حکومەتی عێراق زامنی بکات،"کۆمپانیاکان ترسی ئەوەیان هەیە لەگەڵ دەستپێکردنەوی کار هێرشبکرێتەوە سەریان."
میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان جار هێرشی موشەکی و درۆنییان لە دژی هەرێمی کوردستان و کێڵگەنەوتییەکانی هەرێم ئەنجام داوە.
پاش سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی لەم خاڵە کردوەوە وتی،"کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان داوای گەرەنتی دەکەن."
رۆژی 3ی مانگی شەش، ئەلزەیدی پێشوازیی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ژمارەیەک لە کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کرد. بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەلزەیدی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە سەرجەم ئەو پێداویستییانە دابین بکەن کە دەبنە هۆی دەستەبەرکردنی ئاسایشی کاری کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم.
دکتۆر سەعید دەڵێت حکومەتی عێراق پێویستییەکی زۆری بە فرۆشتنی نەوت هەیە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی دارایی، "گوشاری ئەمەریکای لەسەرە بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوتدا بگاتە ڕێککەوتن و بازاری جیهانیش پێویستی بەنەوت هەیە."
دەربارەی ئەوەی ئایا ئەم هاوکاریکردنە دەبێتەهۆی ئەوەی کێشەکانی تر چارەسەربکرێن، دکتۆر سەعید وتی هەموو هەوڵی ئێستای سەرکردەکانی کورد ئەویە کە کێشەی بودجەو مووچەی فەرمانبەران بکەن، "پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی داڕشتنی یاسای بودجەی چەند ساڵی داهاتووە. ئەگەر ئەم رێککەوتنە ببێتە بەشێک لە یاسای بووجە، ئەوا چوارچێوەیەکی باش بونیاددەنێت بۆ چارەسەری زۆر لەکێشەکانی تر چونکە سەرکردەکانی کورد بواری ئەوەیان دەبێت بایەخبدەن کێشەکانی تر."
ڕاپۆرتی مەریوان حەمە