Accessibility links

لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوەیت کەسێک دەکوژرێت و 63 کەسیش بریندار دەبن

هێرشی مووشەکی و درەونی ئێران بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوەیت لە رۆژی 3ی مانگی شەش بووە هۆی کوژرانی یەک کەس و برینداربوونی 63 کەسی تر. بە گوێرەی بەرپرسانی کوەیتی، کوژراوەکە هاوڵاتییەکی هیندیە و لەنێو برینداربووانیشدا گەشتیار، کارمەندانی فڕۆکەخانە و هاووڵاتیان بوونیان هەیە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەکەن هێرشەکە تێرمیناڵی یەکی فڕۆکەخانەی کوەیتی بە ئامانج کردووە و زیانێکی بەرفراوانی بە بیناکان گەیاندووە، بۆیە هەموو فڕینەکان بۆ ماوەیەک ڕاگیران.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی کوەیت دواتر ڕایگەیاند دوای هەڵسەنگاندنی زیانەکان و گرتنی ڕێوشوێنی پاراستن، هاتوچۆی هەندێک فڕۆکە لە تێرمیناڵی 4 دووبارە دەستی پێکردووەتەوە.

بە گوێرەی رۆیتەرز، سوپای پاسدارانی بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ و ڕایگەیاندوە کە ئەو هێرشانە وەڵامێکن بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا دژی ئامانجەکانی ئێران، لەنێویاندا دامەزراوەکان و نەوتهەڵگرەکان لە دوورگەی قشم. سوپای پاسداران هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بنکەی ئاسمانیی عەلی ئەلسەلام لە کوەیت و بارەگای هێزی دەریایی پێنجەمی ئەمەریکا لە بەحرەین بوونەتە ئامانجی هێرشەکان.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا بە توندی بانگەشەکانی ئێرانی رەت کردووەتەوە و وتوویەتی پێگەی ئەوان لەم هێرشانە نەکراونەتە ئامانج.

لە هەمان کاتدا، سوپای بەحرەین ڕایگەیاندووە سێ مووشەک و چەندین فرۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئێرانی ڕاگرتووە. سوپای ئەمەریکاش باس لەوە دەکات دوو مووشەکی ئێرانی پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە کوەیت تێکشکاون یان کەوتوونەتە خوارەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG