ئەمەریکا ئامادەییی خۆی بۆ گەشەپێدانی ژێرخانەکانی وەزە لە عێراق بە مەبەستی دابینکردنی وزە و کارەبای پێویست بۆ دامەزراوەکان و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەردەبڕێت.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕۆژی سێشەممە بڵاویکردووەتەوە بریکاری باڵیۆزی ئەمەریکا جۆشوا هاریس و وەزیری کارەبای حکوومەتی نوێی عێراق عەلی سەعد وەهیب بەم مەبەستە کۆبوونەتەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد، هەردوو لا گفتوگۆی چۆنییەتیی بەشداریکردنی شارەزایانی ئەمەریکا و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەمەریکاییان کردووە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە و کارەبای عێراق بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق بێت.
خالد شوانی وەزیری داد لە ڕۆژی دووشەممەدا ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ جۆشوا هاریس کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکەی وەزیری داد و باڵیۆزدا بابەتی زیندانییە گوازراوەکانیان لە سووریاوە بۆ عێراق گفتوگۆ کردووە و جەختیان لەسەر توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان و پاڵپشتیی ئەمەریکاییەکانیان بۆ چاکسازییەکانی عێراق کردووەتەوە.
شایەنی باسە حکوومەتی نوێی عێراق لە مانگی ڕابردوودا ڕەزامەندیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنا و دەستبەکار بوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ و سەرجەم کابینەکە ڕاگەیاندووە.