Accessibility links

بەحرەین گەشتکردن بۆ ئێران و عێراق قەدەغە دەکات

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ڕایگەیاند بە هۆکاری ئاسایشی و دەرئەنجامەکانی هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە، گەشتی هاووڵاتییانی بۆ ئێران و عێراق تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر قەدەغە دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین هاتووە "بڕیاردراوە تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر گەشتی هاووڵاتیان بۆ ئێران و عێراق قەدەغە بکرێت." وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و تەندروستی هاووڵاتیانی دراوە و بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە پێشێلی بڕیارەکە دەکەن.

ئەم قەدەغەکردنە دوای زنجیرەیەک هەنگاوی ئاسایشی بەحرەین لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا دێت. لەگەڵ دەستپێکردنی ململانێی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، پێگەی بەحرەین وەک میوانداری فەرماندەیی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا و بەلەمی پێنجەم جارێکی دیکە بووەتە خاڵێکی هەستیار لە ناوچەی کەنداو.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، مەنامە چەندین جار باسی لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی کردووە بۆ سەر ئەو وڵاتە. فەرماندەیی هێزی بەرگریی بەحرەین بە پشت بەستن بە میدیاکانی ناوچەکە ڕایگەیاند سیستەمی بەرگریی ئەو وڵاتە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە 28ی مانگی دوو، دەیان مووشەک و سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران کە بەرەو ئەو وڵاتە هەڵدراون، تێکشکاندووە.

هەروەها کاربەدەستانی بەحرەین جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو وڵاتە بەشداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە تارانیان نەکردووە و بە ئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان، دامەزراوەکان و موڵک و ماڵی تایبەت بە پێشێلکارییەکی جیددی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەزانن.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەپێی ڕاپۆرت و ڕاگەیاندنەکانی بەرپرسانی ناوچەکە و ئەمەریکا، چەند ئامانجێک لە کوێت و ئیمارات لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج کە دەوترێت لە خاکی عێراقەوە سەرچاوەیان گرتووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG