Accessibility links

ئەردۆغان هەڕەشە لە خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە جەهەپە دەکات

سەرۆکی تورکیا ڕۆژی دووشەممە هەڕەشەی ئەوەی کرد حکومەتەکەی "وروژاندنی شەقام" قبووڵ ناکات، لە کاتێکدا لایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان دژ بە بڕیارێکی دادگای تورکیا بۆ لابردنی سەرۆکی ئەو حزبە.

ڕەجەب ئەردۆغان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، ''هیچ چاوپۆشییەک ناکەین لە وروژاندنی شەقامەکانمان و دابەشکردنی میللەتەکەمان یان هاندانی گەلەکەمان لە دژی هێزە ئاساییشییەکان، لە ژێر هەر بیانووەک بێت.''

ئەردۆغان ڕەتی دەکاتەوە بەشێک بێت لە ململانێی ناوخۆی جەهەپە و "ناکۆکییە یاساییەکان."

دەشڵێت، " ئەوانەی هەوڵی دروستکردنی نائارامی بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان دەدەن، نابێت لەبیریان بچێت کە جەوهەری ئەم خاکە تەسلیمی توندوتیژی و خۆپیشاندان و تیرۆری سەر شەقام و بێبایەخکردنی یاسا نابێت."

هەفتەی ڕابردوو دادگای تورکیا بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری. هەروەها، دوای سێ ساڵ سەرۆکی ئەو پارتەی لە کار دوور خستەوە و کڵیچدارئۆغڵووی گەڕاندەوە بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە.

دوای بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی لەکار لابراوی سەرەکیترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پەنای بردە بەر شەقامی تورکیا و دەیان هەزار کەس بۆ پاڵپشتیی ئەو ڕژانە سەر شەقامەکان.

لەو کاتەوە شەقامی سیاسیی تورکیا بە قۆناغێکی هەستیار دەرباز دەبێت. ئەمڕۆ پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ ڕێگری لە یادکردنەوەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 کرد.

لە خۆپیشاندانەکەی ساڵی 2013 هەزاران کەس بۆ چەندین ڕۆژ لە پارکی گەزی لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە لە دژی سیاسەتەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان. سەرنجام خۆپیشاندانەکان بە توندوتیژی کۆتاییان پێ هێنرا.

دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا لەسەر چارەنوسی کۆنگرەی جەهەپە، ئۆزەل دادگای تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد گوایە بڕیارەکانی سیاسین و مەبەست لێیان لاوازکردنی جەهەپەیە بەرامبەر پارتی دەستەڵاتدار.

شایەنی باسە، لە مانگی سێی ساڵی ڕابردووشدا دادگای تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک شارەوانیی ئیستەنبوڵ لە جەهەپە دەرکرد و قەیووم خرایە شوێنەکەی، کە چاودێران هەتا ئێستاش سەرەکیترین ڕکابەری ئەردۆغانە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG