Accessibility links

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە نێوان ڕەتکردنەوە و هەوڵدان بۆ ئاشتبوونەوە 

موقتەدا سەدر، سەرکردەی باڵای شیعەکانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە جیابوونەوەی تەواوەتی گرووپی چەکداری سەرایا سەلامی لە "بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە" ڕاگەیاند و بڕیاریدا بە تێکەڵکردنیان لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەت و داوای کرد چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.


ئەم بانگەوازەی موقتەدا سەدر ڕێبەری ئایینی لەلایەن زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ناوچەییەوە پێشوازی لێکرا. بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لە بانگەوازەکەی سەدر بۆ "ڕادەستکردنی چەکی کۆنتڕۆڵنەکراو" و "هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان"، هەندێک گرووپ لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی، وەک کەتائب حزبوڵڵای عێراق و عەسائب ئەهلولحەق و نوجەبا کە سەر بە ئێرانن، ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن.


شرۆڤەکاری سیاسی و بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی عێراقی لە واشنتن، دکتۆر نزار حەیدەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕوونە ئەو گرووپانەی کە نایانەوێت چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت، گرووپی سەر بە ئێرانن، ئەوان دان بە دەستووری عێراق و یاسا و بڕیارەکانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق نانێن و تەنانەت متمانەیان بە سەرکردەی ئایینی شیعە لە نەجەف نییە".


حەیدەر دەڵێ "بڕیاری هەبوونی چەک لە دەستی ئەو گرووپانە تەنیا پەیوەستە بە بڕیاری تاران و ڕێبەری باڵای ئێرانەوە".
دکتۆر زیاد عەرار، شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی و ستراتیژی لە بەغداوە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەو هەڵوێستەی بەڕێز موقتەدا سەدر وەک هەمیشە هەڵوێستێکی نیشتمانییە، هەمیشە لە بەرژەوەندی عێراق و بەرژەوەندی گشتی بڕیار دەدات".

عەرار ئەوەشی خستەڕوو، "دوێنێ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی ڕەوتی سەدر کۆبووەوە، گفتوگۆیان لەسەر شێوازەکانی بەشداریکردن و میکانیزمی ڕێککەوتنەکە کرد، ئەمڕۆش هەندێک هەنگاو نرا".


زیاد ئەلعەرار هەروەها ڕایگەیاندووە "عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایگەیاند کە پەیوەندییان بە هەندێک گروپی چەکداری وەک عەسائب ئەهلولحەق کردووە و هەوڵدەدەن میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان و گەیشتن بە ڕێککەوتن".


عەررار دەڵێ، حکوومەتی نوێ هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە، بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی ئابووری، سیاسی و ئاسایشی عێراق دوای ئەو گێژاوەی لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئێراندا ڕوویدا.
باس لەوە دەکرێت کە بەشێک لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان کە پاڵپشتی ئێران دەکەن، لە کاتی شەڕی ئێران، هێرشیان دەکردە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق ، هەروەها هەندێک بنکەی ئابووری و وزە لە هەرێمی کوردستان.
جێی ئاماژەیە ئەمەریکا بەردەوام بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق و سەرکردەکانیان دەخاتە لیستی تیرۆر و لیستی سزاکانەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG