ئەکسیۆس ڕایدەگەیەنێت، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای مەرجی توندتری کردووە بۆ چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەگەریی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و داوای کردوو پێداچوونەوە بەسەر خاڵەکاندا بکرێت.
ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە وتەکانی بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ترامپ و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە ڕایگەیاندووە، ترامپ داوای لە تیمەکەی کردووە پێداچوونەوە بە چەند بەشێکی ئەو دەقەدا بکەن کە شاندەکان ڕۆژی هەینی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکان کاریان لەسەر کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کەرەستە ئەتۆمییەکانەوە هەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆس، دەقی ئێستای ڕێککەوتنەکە بەڵێنێکی تاران لەخۆدەگرێت کە بەدواداچوون بۆ چەکی ئەتۆمی نەکات، بەڵام لەوە زیاتر هیچ ئیمتیازێکی دیاریکراو پێشکەش ناکات. هەروەها لە دەقەکەدا ماوەی 60 ڕۆژە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و لابردنی سزاکانی ئەمەریکا دیاری کراوە کە یەکەم بڕگەکان دیاریکردنە کە چی لە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە بکرێت و سنووردارکردنی پیتاندنی زیاترە.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە داواکارییەکانی ترامپ بریتین لە وردەکاری زیاتر سەبارەت بەوەی ئەمەریکا چۆن یۆرانیۆمە پیتێندراوەکانی ئێران بەدەست بە دەستبهێنێت و کەی جێبەجێ دەکرێت.
لە لایەکی ترشەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە زاری سێ کەسی ئاشنای ئەو بابەتە بڵاویان کردووەتەوە کە ترامپ پێداچوونەوەی بە بەشێک لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەدا کردووە و بەشێکی سنووردارتری بۆ تاران گەڕاندووەتەوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ترامپ لە وەڵامدانەوەی خاوی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشنیارەکانی ئەمەریکا ناڕازییە و نیگەرانە لە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە کە دەتوانێت ئازادکردنی سەروەت و سامانی سڕکراوی ئێرانی تێدابێت.
ترامپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار مەرجەکانی خۆی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەمەریکا دەیەوێت تاران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت و واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت و کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو ڕادەست بکاتەوە.
ترامپ پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا لەگەڵ ئێران کاردەکات بۆ وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و گواستنەوەی بۆ ئەمەریکا. لە وەڵامی ڕاپۆرتێکدا کە باس لەوە دەکات پارە بۆ یۆرانیۆم دەدرێت، گوتی ئەوە بەتەواوی درۆیە، هیچ پارەیەک ئاڵوگۆڕ ناکرێ.
میدیای دەوڵەتی ئێرانیش باس لەوە دەکات کە ڕێککەوتنێک نزیکە بەڵام کۆتایی پێنەهاتووە. هاوکات کۆشکی سپی ئەو ئیدیعایانەی دەوڵەتی ئێرانی ڕەت کردەوە کە گوایە ملیاران دۆلار لە سامانی بەستوو وەرگیراوە.