نوێترین توێژینەوەکان بڵاوبوونەوەی سستبوونی درێژخایەنی گورچیلەکان پشتڕاست دەکەنەوە، بە جۆرێک کە ژمارەی تووشبووان تەنها لە سی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە.
توێژەرانی زانکۆکانی نیویۆرک، گلاسگۆ و پەیمانگەی پێوانە و هەڵسەنگاندنی تەندرووستی لە زانکۆی واشنتن تێبینیی زیادبوونێکی پێشبینینەکراوی سستبوونی درێژخایەنی گورچیلەیان کرد کە ئەو ئەندامە لاواز دەکات و قۆناغ بە قۆناغ توانای پاڵاوتنی پاشماوەکانی نامێنێت.
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە 14%ی تەواوی دانیشتووانی جیهان دووچاری ئەم نەخۆشییە بوونەتەوە و ساڵانە نزیکەی 1.5 ملیۆن خەڵک بەهۆیەوە گیان لە دەست دەدەن. کێشەی لەمەش گەورەتر ئەوەیە کە نەخۆشییەکە بێدەنگە و تووشبووان لە قۆناغە سەرەتاییەکان هەستی پێ ناکەن.
ماڵپەری ساینس دەیلی لە زاری دکتۆر جۆسیف کۆرش-وە بڵاوی کردووەتەوە ''دۆزینەوەکان هانمان دەدەن کە ئەم نەخۆشییە هاوتەریب لەگەڵ شێرپەنجە، نەخۆشیی دڵ و نەخۆشییە دەروونییەکان بناسێنین بۆ ئەوەی گرنگیی پێشینەی پێ بدرێت''
توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی لانسێت بڵاو کراوەتەوە و لە کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمەڵەی ئەمەریکی بۆ نەخۆشییەکانی گورچیلە پێشکەش کرا. توێژەرانی توێژینەوەکە پێیان وایە کە ئەمە وردترین هەڵسەنگاندنە کە بۆ نەخۆشییەکە کرابێت.
ڕێکخراوی تەندرووستیی نێودەڵەتییش لە ساڵی 2025ەوە ئەم نەخۆشییەی خستۆتە چوارچێوەی پلانەکانی بە مەبەستی کەمکردنەوەی مردنە پێشوەختەکان بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ.
توێژەرەوان شیکردنەوەیان بۆ 2230 توێژینەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە نەخۆشیی سستبوونی گورچیلەکان تەنیا کاریگەری لەسەر خودی گورچیلەکان نییە، بەڵکوو هۆکارێکیشە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ.
ئەم توێژینەوەیە لە ساڵی ڕابردوودا بڵاو کراوەتەوە و لەمساڵدا زیاتر سەرنجی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. چونکە ئامارە نوێیەکان دەری دەخەن کە ئەم نەخۆشییە لە گەشەسەندنێکی خێرادایە و لە دە ساڵی داهاتووشدا زیاتر دەبێت. توێژینەوەیەکی دیکەش لەمساڵ و لە زانکۆی ئۆکسفۆڕد، هەمان شتی پشتڕاست کردووەتەوە.