سەرۆکی ئەمەریکا دۆنالد ترامپ ڕایگەیاند "ئێستا" کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە کۆشکی سپی لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەکەی ئەنجام دەدات بۆ دانی "دوا بڕیار" سەبارەت بە دۆخی ئێران.
ترامپ لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال جەختی کردەوە کە پێویستە ئێران بە ڕوونی رازی بێت کە "هەرگیز چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی نەبێت."
رایگەیاند، "ئێستا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەم، لە ژووری بارودۆخەکان، بۆ گەیشتن بە دوایین بڕیار."
'ژووری بارودۆخەکان' یان 'سیچوەیشن ڕووم' دەکەوێتە باڵی ڕۆژئاوای کۆشکی سپی و لەو شوێنە پرسە گرنگەکان بڕیاریان لێ دەدرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا داوای کرد کە تەنگەی هورمز "بە خێرایی بکرێتەوە،" گشت مینەکان بە خێرایی لاببرێن و نابێت هیچ جۆرە سەرانە یان سنووردارکردنێک لەسەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان هەبێت.
ترەمپ وتی هاتوچۆی کەشتییەکان دەبێت "بە تەواوی ئازاد" بێت و کەشتییەکان بتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە، وە بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و دەزگای وزەی ئەتۆمی، لەژێر داروپەردووی بنکەی ئەتۆمی ئێران دەردەهێنرێت و لەناودەبرێت.
سەرۆک ترامپ هەروەها دەڵێت، "هیچ پارەیەک دەستگۆڕکێ ناکات، هەتا ئاگادارکردنەوەی زیاتر."