Accessibility links

هێگسەت لە سینگاپور جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڤێتنام دەکاتەوە و هۆشداریش دەدات بە ئێران

وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هێگسەت لە سەردانەکەیدا بۆ سینگاپور لەگەڵ تو لام سەرۆکی ڤێتنام و فان ڤان جیانگ وەزیری بەرگری ڤێتنام کۆبووەوە. هەر لەو سەردانەیدا هۆشداریشی بە کۆماری ئیسلامی دا کە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت.

هێگسەت لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینیدا لەگەڵ تو لام گوتی "پێموایە زۆر ڕێگە هەیە کە دەتوانین ئەم هاوبەشییە فراوانتر بکەین. هاوبەشییەک کە تیمەکانی بەرگریمان باسیان کردووە. لەگەڵ سەرکردایەتی ئێوە و سەرکردایەتی سەرۆک ترامپ، نیشانی جیهان دەدەین دوو وڵاتی کە دەیان ساڵ لەمەوبەر ناکۆکییان هەبووە ئێستا بە ڕێزگرتنی یەکتر و ڕێزگرتن لە سەروەری یەکتر سەیری جیهان دەکەن، و گەلەکەمان دەتوانێت ڕێگای نوێ بەرەو هاوکاری و ئاشتی دروست بکات بۆ هاوکاری نێوان هەردوو وڵات."

بڕیارە ڕۆژی شەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە لوتکەی ئاسایشی ئاسیا لە سینگاپور وتارێک پێشکەش بکات.

ناوبراو ڕۆژی هەینی لە سەر کەشتیی یو ئێس ئێس باکسەر لە سینگاپور ڕایگەیاند ئێران دەبێت دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت و ئەوەی دواتر ڕوودەدات پەیوەستە بە کۆماری ئیسلامییەوە.

هێگسەت بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی کابینەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گوتی " وەک سەرۆک لە کۆبونەویە کابینەدا ئاماژەی پێکرد، ئێران دەتوانێت یان بە شێوەیەکی دروست بە گرێبەستێک لەو بەری مێزەکەوە کاربکات، یان دەتوانن مامەڵە ئەم پیاوەی لای چەپم بکەن کە بەڕێکەوت من لای چەپی بووم."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن بەرگرییەکانی بەهێزتر دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسیانەی کە پنتاگۆن بە پەرەسەندنی خێرای دەزانێت، بەتایبەتی هەڵوێستی شەڕانگێزی چین بەرامبەر بە تایوان.

بەپێی پێنتاگۆن، وتارەکەی هێگسەت لەسەر "رێبازێکی عەقڵانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمەریکا لە هیندستان و زەریای هێمن" دەبێت.

پێشکەوتنی خێرای سەربازی چین و هەڵسوکەوتی چین لە هیندستان و زەریای هێمن و هەروەها پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەولەویەتەکانی ئەمەریکا، لە تەوەرە سەرەکییەکانی لوتکەی ئاسایش و بەرگری ئاسیا و زەریای هێمنن، کە سەرکردەکان و دیپلۆماتکارانی باڵا و بەرپرسانی ئاسایشێ لە سەرانسەری جیهان کۆدەکاتەوە.

لوتکەی شانگری لا کە لەلایەن پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان ڕێکخراوە، لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئۆکرانیا بەردەوامە.

ڤێتنام وەک هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە ناکۆکی دەریایی لەگەڵ پەکین هەیە کە بووەتە هۆی پێکدادان، بەڵام لە ڕووی ئابووریشەوە زۆر پشت بە چین دەبەستێت، پەکین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ڤێتنامە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG