Accessibility links

مامۆستایەکی جوو لە ئیسرائیل بەشێک لە جگەری خۆی بەخشییە منداڵێکی 8 مانگەی عەرەب

منداڵێکی تەمەن هەشت مانگی عەرەب کە بە هۆی نەخۆشییەوە ژیانی لە مەترسی دابوو، لە مردن ڕزگاری بوو، پاش ئەوەی مامۆستایەکی زانستی کۆمپیوتەر لە شاری تەلئەڤیڤ بەشێک لە جگەری خۆی پێ بەخشی.

بیسان کچێکی تەمەن هەشت مانگە و لە خێزانێکی عەرەبی دانیشتووی ئۆرشەلیمە. پزیشکەکان پێشتر هۆشدارییان دابوو بە دایوبابی بیسان کە بەهۆی نەخۆشییەکی دەگمەنی جگەرەوە مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی دروستبووە و دەبێت نەشتەرگەری جگەر چاندنی بەپەلەی بۆ ئەنجام بدرێت.

دوای پشکنینی ورد، پزیشکەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی هیچ کامێک لە جگەری دایوباب و کەسوکاری بیسان گونجاو نییە بۆ ئەو منداڵە هەشت مانگە.

سەرەنجام تالیا ئیدن، کە تەمەنی 39 ساڵە و لە زانکۆی بار-ئیلان وانەی زانستی کۆمپیوتەر دەڵێتەوە، بووە کاندیدی شیاو بۆ بەخشینی بەشێک لە جگەری بەو کۆرپەلەیە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی جووش نیوز، ئەو کاتەی پزیشکەکان پەیوەندییان بە مامۆستا تالیا ئیدن کرد و لە دۆخی ئەو کۆرپەلەیە ئاگاداریان کردەوە، ئەو بەڕێگاوە بوو بەرەوە فڕۆکەخانە بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی کارکردن. مامۆستاکە دەستبەجێ لە فڕۆکەخانە گەڕایەوە و ئامادەیی نیشان دا بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە.

دوای دوو ڕۆژ، نەشتەرگەرییەکە لە سەنتەری پزیشکیی منداڵانی کلالیت شنایدەر ئەنجام درا و پاش نزیکەی شەش کاتژمێر بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هات.

ساتی بینینی بیسانی تەمەن هەشت مانگ لەلایەن مامۆستا تالیا ئیدن.
ساتی بینینی بیسانی تەمەن هەشت مانگ لەلایەن مامۆستا تالیا ئیدن.


هەفتەی ڕابردوو، پاش ئەوەی تەندرووستی هەردووکیان جێگیر بوو، دایوبابی بیسان بۆ یەکەم جار چاویان بە مامۆستا تالیا ئیدن کەوت و سوپاسگوزاری خۆیان بۆی دەربڕی.

دایکی بیسان، ئومیمە، لەمبارەوە ڕایگەیاند، "ترسێکی بێ ئەندازەم هەبوو کاتێک دەمبینی کچەکەم ئازار دەچێژێت و نەمدەتوانی هیچی بۆ بکەم...کاتێک هەواڵم زانیم کە بەخشەرێک دۆزراوەتەوە، هەستم بە ئارامی و دڵخۆشییەکی گەورە کرد."



هەروەها مامۆستا تالیا ئیدن ڕایگەیاند، "هیچ هەستێک لەوە خۆشتر نییە کاتێک دەبینم ئەو کچە بچکۆلەیە تەندروستی بۆ دەگەڕێتەوە و منیش هۆکارێک بووم لە چارەسەرکردنی. بەڕاستی وایە، هەرکەسێک ژیانی کەسێک لە مردن ڕزگار بکات، وەک ئەوە وایە هەموو جیهانی ڕزگار کردبێت."


مامۆستا تالیا ئیدن ڕایگەیاندووە چەندین ساڵ لەمەوبەر ویستی جگەربەخشینی هەبووە، دوای ئەوەی باوکی بەهۆی نەخۆشی جگەرەوە گیانی لەدەست داوە.

بەخشینی ئارەزوومەندانەی ئەندامی جەستە بڕیارێکە مرۆڤ دەیدات بۆ ڕزگارکردنی گیانی کەسێکی تر. بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوی جیهانی چاودێری بۆ بەخشین و چاندنی ئەندامەکانی جەستە، ساڵانە زیاتر لە 173 هەزار نەشتەرگەری فەرمی چاندنی ئەندامانی جەستە لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجام دەدرێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG