Accessibility links

دوو چالاکوانی کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران لە داڵاهۆی کرماشان دەکوژرێن

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن دوو برا بە ناوەکانی مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی کە دوو چالاکوانی فەرهەنگی ناسراوی کورد و دامەزرێنەری کتێبخانەی کوردی بوون لە دەڕەدرێژی کرماشان، بە تەقەی هێزەکانی سوپای لە گوندێکی ناوچەی داڵاهۆی کرماشان دەکوژرێن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە ڕۆژی 28ی مانگی پێنج بڵاو کراوەتەوە ''مەیسەم وەیسی و براکەی موجتەبا وەیسی لە چالاکوانانی ناسراوی فەرهەنگی کورد و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی کوردی لە دەڕەدرێژی کرماشان بوون و هەروەها لە شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان بوون کە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو بە نهێنی دەژیان، دوای گەمارۆدانی ماڵەکەیان لە یەکێک لە گوندەکانی داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژران. چارەنووسی هاووڵاتییەکی دیکەش کە خاوەنی ماڵەکە بووە هێشتا نادیارە.''

هەردوو براکە لە گوندی قەڵاکەوەش لە ناوچەی داڵاهۆ بوون و هێزە چەکدارەکان گەمارۆیان داون و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە تەقەیان لێ کردوون و بەم هۆیەشەوە دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان سپاردووە.

هەنگاو لەسەر چارەنووسی کەسی سێیەم دەڵێت ''چارەنووسی یەکێک لە هاوڕێیانی ئەم دوو برایە بە ناوی فەرشاد حاتەمیپوور بە تەواوی نادیارە."

ئەم دوو برایە کوردی یارسان بوون و لە کاتی ناڕەزاییەتییەکانی ساڵی ڕابردووەوە خۆیان لە هێزە ئەمنییەکان شاردبۆوە و بۆ پاراستنی خۆیان لەو گوندە خۆیان حەشار دابوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە داوای کردووە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کاردانەوەیان بەرامبەر ئەم ڕووداوە هەبێت و ڕووداوەکە بە ناڕەوا ناو دەبەن.
لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی ئاستی سەرکوتکردن و کوشتن و لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەی زیاد کردووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG