وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر دەستەی تەنگەی هورمزی ئێراندا سەپاندووە.
ئەو دەستەیە کاری بەڕێوەبردنی دەربازبوونی کەشتییەکان دەکات بە ناو تەنگەی هورمزدا و سەرانە لە کەشتییەکان وەردەگرێت.
ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا (OFAC) ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، "دەستەی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز زیادکراوە بۆ لیستی سزاکانی وەزارەت."
تاران لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕژێمی ئێرانەوە، کە لە 28ی مانگی دوو دەستیپێکرد، تەنگەی هورمزی کۆنترۆڵکردووە. نزیکەی لەسەدا 20ی نەوتی جیهان بەو تەنگەیەدا تێپەڕدەبێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هەر لایەنێک هاوکاری، پشتیوانی، یان خزمەتگوزاری پێشکەش بە سوپای پاسدارانی ئێران بکات، دەکرێت ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە.
سکات بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، دەڵێت دوایین هەوڵی سوپای ئێران بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەریایی و کۆکردنەوەی پارە لە کەشتییەکانی جیهان نیشانەی قەیرانی ئابووریی ڕێژیمە.