Accessibility links

ترامپ بابەتێک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاودەکاتەوە

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە،27ی مانگی پێنج وتارێکی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و زیادبوونی بەربڵاوی گێچەڵی سێکسی لە زیندانەکانی ئێران لە کاتی ئاگربەستدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال بڵاوکردەوە.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست کە لە 26ی مانگی چوار بڵاوکراوەتەوە، بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ و شایەتحاڵەکان، دۆخی خراپی مافی مرۆڤی ناوخۆی ئێران وێنا دەکات و باس لە زیادبوونی سەرکوتکردن، دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، داخستنی پەیوەندییەکان، لەسێدارەدانەکان و گێچەڵی سێکسی بۆ سەر زیندانیانی سیاسی و خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو بە تایبەتی ژنان و کچانی گەنج دەکات.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە گێڕانەوەی چەند ژنێکی دەستبەسەرکراو دەکات کە وتوویانە لە ماوەی لێکۆڵینەوەدا تووشی ئەشکەنجە و گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە. یەکێک لەو ژنانە وتوویەتی دوای ئەوەی ڕازی نەبووە دانپێدانانی زۆرەملێیی بکات، کاربەدەستانی ئەمنی بە باتۆم دەستدرێژییان کردووەتە سەر.

لە بەشێکی دیکەی ئەم وتارەدا، ئاماژە بە دۆخی نرگس محەمەدی، خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کراوە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان لە زیندان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش کراوە. هەروەها نیگەرانییەکان دەربارەی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و چالاکوانانی ژن زیاد بووە.

شایانی باسە ترامپ لە پۆستەکەی خۆیدا وێنەی سێ زیندانی ژن، وریشە موردای، پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەممەدی بڵاو کردووەتەوە کە هەر سێ لە زیندانەکانی ئێران لە دۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبەن.

پەخشان عەزیزی، وەریشە مورادی و شەریفە محەممەدی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران،سزای لەسێدارەدان و زیندانی هەمیشەییان بەسەردا سەپێنراوە. تۆمەتێک کە ئەوان و پارێزەرەکانیان بە توندی ڕەتیان کردووەتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG