Accessibility links

شرۆڤەکارێک: بڕیارەکەی سەدر پەیامێکی بەهێزە بۆ هەموو گروپە چەکدارەکانی عێراق

موقتەدا سەدر، کەسایەتی ئایینی شیعەکان جیابوونەوەی تەواوەتی گروپی چەکداری سەرایا ئەلسەلامی لە "بزووتنەوەی شیعەی نیشتمانی" ڕاگەیاند و بڕیاریدا ئەو گرووپە ببێتە بەشێک لە هێزەکانی حکومەتی عێراق.

موقتەدا سەدر ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بڕیارەکە "لەبەرژەوەندی گشتی نیشتمانییە و بۆ دوورکەوتنەوە لەو هەڕەشانەیە کە هەڕەشە لە وڵات دەکەن." ئاماژەی بەوەشکرد دامەزراوە مەدەنییەکانی سەر بە سەرایە ئەلسەلام دەگۆڕدرێن بۆ "یەکەیەکی خۆبەڕێوەبەر"ی بێ چەک.

موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد "خۆیان بەدوور بگرن لە فەرمانی حزبی و تائیفی."

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە فەرماندەی سوپای عێراقە، پێشوازی لە بڕیارەکەی سەدر کرد و بە گرنگی زانی.

زەیدی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس وتی "ئەوان هەنگاوی نیشتمانی بەرپرسیارانەی سەرۆکی ڕەوتی سەدر بەڕێز موقتەدا سەدر بەرز دەنرخێنن کە بڕیاریدا هەموو لایەنگرانی خۆی و سەرایای ئەلسەلام تێکەڵ بە حکومەت بکەن."

سەبارەت بەم بڕیارە، دکتۆر عیسام فەیلی پسپۆڕی کاروباری عێراق بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەم بڕیارەی بەڕێز سەدر وێناکردنی هەموو داواکارییەکانیەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو هێزە چەکدار و گروپانەی کە لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت کاردەکەن، لەوانە ئەوانەی لەکاتی تایبەتدا پێکهێنراون وەک لە سەردەمی شەڕی داعش و بارودۆخی دیکە."

فەیلی هەروەها وتی "بڕیارەکەی ئەمڕۆی سەدر پەیامێکە کە لە حکومەتی ئێستادا هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت."

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە بڕیارە نوێیەکەی سەدر بە "پەیامێکی بەهێز بۆ ئەو گروپ و هێزە چەکدارانە دەزانێت کە بیانوو دەهێننەوە و دەڵێن: تا موقتەدا سەدر گروپە چەکدارەکانی هەڵوەشێنێتەوە، ئارام نابین."

فەیلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارە "وانەیەکە بۆ داهاتوو کە نابێت عێراق بە هیچ هۆکارێک بکرێتە ئامانج."

شایانی باسە لە عێراق دەیان گرووپی چەکدار هەن کە لە دەرەوەی سیاسەتی گشتی دەوڵەت و حکوومەت لە بەغدا چالاکی دەکەن. ئەمەش زۆرجار ڕەخنەی بەرپرسانی ئەمەریکای لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا کە بەشێک لە گروپەکانی سەر بە ئێران هێرشیان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG