Accessibility links

هەڵبژاردنی پەرلەمان لە پارێزگای حەسەکە و کۆبانێ لە سوریا بەڕێووە چوو، کورد 8 کورسی مسۆگەر کردووە

ڕۆژی یەکشەممە لە سوریا هەڵبژاردنێک بۆ درێژەپێدان بە هەڵبژاردنەکانی مانگی دەی ڕابردووی پەرلەمان لە پارێزگای حەسەکە و شاری کۆبانی بەڕێوە چوو.

هەرچەندە 24 پارتی سیاسی لە ناویاندا پەیەدەش بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردبوو، بەڵام بە پێی ئەنجامە بەراییەکان کورد توانیویەتی 5 کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکات و پێشتریش لە هەڵبژاردنەکانی عەفریندا کورد سێ کورسی بەدەستهێنابوو، ئەمەش لە کۆی 210 ئەندام پەرلەمان کە 70 لەوانە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەکرێن.

لە نێوان کوردەکاندا، پێنج پەرلەمانتار لەسەر لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) هەڵبژێردراون و سێ پەرلەمانتاریش بە شێوەی سەربەخۆ سەرکەوتون.

پێشتر لە مانگی دەی ساڵی 2025 هەڵبژاردن لە زۆربەی ناوچەکانی سوریا کرابو، بەڵام لە پارێزگای حەسەکە، رەققە و سوەیدا بەهۆی دۆخی ئاسایشی و نەبونی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندییەوە هەڵبژاردن دواخرابو.

هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی سوریا کە لە 210 کورسی پێکدێت، لەلایەن خەڵکەوە بەڕاستەوخۆ نەکراوە، بە پێی یاسایەکی نوێی سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەڕع بەڕێوەچوو کە تێیدا تەنها دەستەبژێرێک لە خەڵکی مافی دەنگەدانیان هەبووە.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا سانا لە زاری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سوریا بڵاویکردەوە، "تەواوبوونی دەنگدان لە حەسەکە، قامیشلۆ، دێرک و کۆبانێ ڕێگە خۆشدەکات بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ".

نەوار نەجمە، وتەبێژی لیژنەکە بە سانای ڕاگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار ناوی یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی ڕادەگەیەنێت کە لەلایەن ئەوەوە دیاری دەکرێن، ئەنجومەنی گەل دەست بە دانیشتنی خۆی دەکات.

ناوبراو دەنگدانی پارێزگای حەسەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە پێکهێنانی سوریای نوێ وەسف کرد و وتی کە ئەوە نیشاندەری خواستی دانیشتوانە بۆ ئەوەی بەشێکی کارا بن لە چوارچێوەیەکی یەکگرتووی نیشتمانیدا.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ئەمجەد کوردۆ لە قامشلۆ ڕایگەیاند، سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سوریا لە پارێزگای حەسەکە داخراون و دەنگدان کۆتایی پێهاتووە، بەڵام مشتومڕەکان لەسەر ئەو هەڵبژاردنە زۆرن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG