چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک وەزیری نوێی عێراق عەلی زەیدی لە چەند هەفتەی داهاتوودا پۆستە گرنگەکانی وەک وەزیری بەرگری و ناوخۆ یەکلایی بکاتەوە، ئەرکێک کە بە بڕوای چاودێران زیاتر لە مەحاڵ دەچێت بەهۆی کاریگەری ئێران لەسەر گرووپە شیعەکان و پێداگری ئەمەریکا لەسەر نەهێشتنی ڕۆڵی ئەو گرووپانە.
یەریڤان سەعید، بەڕێوبەری دەستپێشخەری جیهانیی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمەریکایی لە واشنتن، لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشبینی ناکەم عەلی زەیدی بگات بە هیچ شوێنێک، لەبەر چەند هۆکارێک: یەکەم، ئەو کەسێکی گەنجە و هیچ ئەزمونێکی لە سیاسەت و حکومڕانیدا نییە. دووهەم، ئەو بووەتە دەرهاویشتەی ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییەی لە گۆڕەپانی شیعەی عێراقدا هەیە و دانراوی ئەوانە، کە سەر بە ئێرانن."
یەریڤان سەعید گوتیشی، "ئێران عێراق بە دوا پێگەی خۆی دەزانێت لەو هیلالە شیعەیەی کە لە ڕابردوودا هەبوو، لە لوبنان دەستیپێدەکرد و لە سوریاوە دەهاتەوە ناو عێراق. ئێستا تەنیا عێراقی بەدەست ماوە، بۆیە هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی عێراق بە شێوەیەکی گشتی لەناو کایەی هەژموونی خۆیدا دەمێنێتەوە و ئەمەریکا تەنگەلێژ بکات لەناو گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی عێراقدا."
دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە بەشداری 270 پەرلەمانتار پرۆگرامی حکومەتی نوێی عێراقی پەسەند کرد و ڕەزامەندی دا لەسەر دەستنیشانکردنی 14 وەزیر لە کۆی 23 وەزارەتی کابینەکەی عەلی زەیدی.
بەڵام پرۆسەکە لەناو پەرلەماندا پشێوی تێکەوت دوای ئەوەی کاندیدەکانی وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا و پلاندانان دەنگی پێویستیان نەهێنا. هەروەها کاتی دەنگدان لەسەر پۆستەکانی وەک وەزیری بەرگری و کار و پەروەردە هێشتا دەستنیشان نەکراوە.
پێشبینی دەکرێت دوای جەژنی قوربان هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی تەواوی وەزارەتەکان چڕبکرێتەوە.
بڕیجێت توومێی لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان بڕوای وایە عەلی زەیدی بە تەواونەکردنی کابینەکەی، بە تایبەت دیارینەکردنی پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، توانیویەتی بە شێوەیەکی کاتی خۆی بپارێزێت لە پرسی پێدانی ڕۆڵ بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە لەلایەن ئەمەریکاوە ڕەتدەکرێنەوە.
بڕیجێت توومێی دەڵێت، "گرژییە سیاسییەکان هەروا بە زۆری ماونەتەوە، بەو پێیەی ڕێگەدان بەو میلیشیایانە هێڵی سوورە بۆ واشنتن بەڵام ئەولەویەتێکە بۆ خودی میلیشیاکان و پشتیوانەکانیان لە تاران."
ئەو توێژەرەی دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان دەڵێت سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا و ئێران بە ڕەسمی پشتگیرییان بۆ حکومەتی نوێی عێراق دەربڕیوە، بەڵام دەستنیشانکردنی هەندێک لە وەزیرەکان کە لە ئێرانەوە نزیکن پێچەوانەی ئەو هەوڵانەیە کە هەن بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکا و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئێران.
شەش ڕێکخراوی سەر بە حەشدی شەعبی کە بریتین لە کەتائیبی حزبوڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، حەرەکەی نوجەبا، کەتائیبی سەیدی شوهەدا، حەرەکەی ئەنساروڵا ئەوفیا و کەتایبی ئیمام عەلی لەلایەن ئەمەریکاوە بە فەرمی خراونەتە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆرستە بیانییەکان و واشنتن دەڵێت نابێت هیچ ڕۆڵێکیان لە حکومەتی عێراقدا هەبێت.
هەروەها لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ سەرۆکی ئەمەریکا بە توندی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕەتکردەوە و گوتی، "ئەگەر بێت و هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چیتر یارمەتی عێراق نادات وە ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ هەلێکی بۆ سەرکەوتن و گەشەکردن و ئازادی نابێت."
لە نێو ئەو پۆستانەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراون، هەرچەندە هیچ وەزیرێک ڕاستەوخۆ ئەندامی ئەو شەش ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی نییە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن وەزیری پەیوەندییەکان مستەفا سەنەد نزیکە لە کەتائیبی حزبوڵا.
بە بڕوای چاودێران، چارەنووسی پۆستە هەڵپەسێردراوەکانی تری کابینەکەی عەلی زەیدی، بە تایبەت وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای جەژنی قوربان دەبێتە هۆی ناکۆکی سیاسی توند لە بەغدا و لە کۆتاییدا دەوەستێتە سەر پرسی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران.
یەریڤان سەعید بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئایا لە دوای جەژن دووبارە دەنگ لەسەر ئەو وەزارەتانە دەدرێتەوە یان نا، پێموایە پەیوەندی دەبێت بەوەی هەتا چەندێک ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا هەن بەرەو پێش دەچن و هەتا چەندێکیش عەلی زەیدی لە پێگەی خۆی تێدەگات."
بەڕێوەبەری دەستپێشخەری جیهانیی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمەریکایی لە واشنتن هەروەها ڕایگەیاند، "خاڵێکی تری گرنگ لەو هاوکێشەیەدا ئەوەیە ئەم گرووپە شیعانە نایانەوێت پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا بپچڕێت؛ دەیانەوێت پەیوەندییەکە بە شێوەیەک بێت کە نەگاتە ئەوەی ئەمەریکا تەواو نیگەران بێت کە دۆلار نەنێرێت بۆ عێراق...ئەوان دەیانەوێت پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا تێکنەچێت بۆ ئەوەی پرسی ناردنی پارە بۆ عێراق و ئابووریەکەی تێکنەچێت، چونکە لە تێکچوونی ئەمە بەر لە هەر کەسێک ئەوان زەرەرمەند دەبن، چونکە سوودمەندی زۆر لەو پارانەی دەڕژێنە عێراقەوە بریتین لەو گرووپانە."
لە کۆتاییدا، سەرەڕای هەبوونی لەمپەری گەورە لەبەردەم حکومەتی نوێی عێراق بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران، بە شێک لە چاودێران دەڵێن بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکاوە ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی فراوان دەستەڵاتی لەدەستداوە، بەمەش شیانی هەیە کابینەکەی عەلی زەیدی دەرفەتێکی ڕاستەقینەی بۆ بڕەخسێت هەتا بتوانێت دەستەڵاتی میلیشیاکان لەدەرەوەی دەوڵەت بنەبڕ بکات و باڵادەستی بگێڕێتەوە بۆ حکومەتەکەی.