Accessibility links

توێژینەوەیەکی نوێ: ژنان لە چاو پیاوان ئەگەری زۆرترە تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بن

توێژەرانی زانکۆی کالیفۆرنیا- سان دیێگۆ لە بەشی پزیشکی بۆیان دەرکەوتووە کە ژنان نەک هەر ئەگەری زیاتریان هەیە تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بن، بەڵکو هۆکارەکانی تووشبوونی بەو نەخۆشییەش کاریگەری زیاتریان لەسەر ژنان هەیە لە چاو پیاواندا.

ئەم توێژینەوەیە کە لە 19ی مانگی پێنجی ئەمساڵ لە گۆڤاری بایۆلۆجی جیاوازی ڕەگەزیی(Biology of Sex Differences) بڵاوکراوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە داتاکانی زیاتر لە 17 هەزار ئەمەریکایی تەمەن مامناوەند و بەتەمەنیان کۆ کردووەتەوە.

توێژەران دەڵێن هۆکارەکانی وەک خەمۆکی، نەبوونی چالاکی، کێشەی خەو، بەرزی پەستانی خوێن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بارستەی جەستە پەیوەندییەکی بەهێزتریان هەیە بە کەمبوونەوەی ئەرکی مەعریفی و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە لە خانماندا.

لە ئێستادا نزیکەی ‌حەوت ملیۆن کەس بەدەست نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەناڵێنن و دوو لەسەر سێی ئەم ژمارەیە لە ڕەگەزی مێن.

سەرباری ئەوەی کێشەکانی پەیوەندیدار بە دڵ و هەرس و بەرهەمهێنانی وزە لە ڕەگەزی نێردا زیاترە، بەڵام کاریگەرییەکەیان لەسەر ڕەگەزی مێ بەهێزترە. بۆ هەمان هۆکار پیاوان دەکەونە ژێر کاریگەریی مامناوەند و ژنان دەکەونە ژێر کاریگەریی قورسەوە.

بۆیە توێژەران دەڵێن کە پزیشکان دەبێت ڕەچاوی ڕەگەز بکەن لە چارەسەرەکانیاندا و نابێت هەمان مامەڵە و هەمان پێوەرەکان بەکار بهێنن بۆ هەردوو ڕەگەزەکە.

جیاوازیی ڕەگەزی تەنیا کاریگەری لەسەر نەخۆشیی لەبیرچوونەوە نییە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر نەخۆشییەکانی دیکەش هەیە. بۆ نموونە نەخۆشیی شەکرە و گوێگرانی لەناو پیاواندا باوترە بەڵام خەمۆکی و کەمخەوی لەناو ژنان زیاترە.

توێژەران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە زۆرێک لەو هۆکارانە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێن و ڕێوشوێنەکانی وەک چارەسەری خەمۆکی و زیادکردنی چالاکی جەستەیی و کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە بەتایبەت لە ژناندا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG