Accessibility links

نامۆ فازڵ، شەڕکەری کورد لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا تۆمارێکی مێژووی بەدەست دەهێنێت

MMA: Fazil vs Babian
MMA: Fazil vs Babian

بەگوێرەی هەواڵ و ڕاپۆرتە وەرزشییەکان، نامۆ فازڵ، شەڕکەری کوردی بوای هونەرە جەنگییەکان (کیک بۆکسینگ/ هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان ) لە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە وەرزشییەکانی ژیانی پیشەیی خۆیدا ڕووبەڕووی جەیک بەیبیەن، شەڕکەرێکی بەناوبانگی ئەمەریکایی بووەتەوە و توانیویەتی سەرکەوتنێکی بەنرخ و مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات.

لە دەستپێکی یارییەکەدا جەیک دەستپێشخەری کرد و نامۆ بەردەوامی بە بەرگرییەکی زیرەکانە دەدا. هەتا لە بەشی دووەمی یارییەکەدا بە تاکتیکی ئەناکۆندا توانی ڕکابەرەکەی ببەزێنێت.

لە دوای یارییەکەش دەمەقاڵێیەکی توند لە نێوان نامۆ و شەڕکەری ئەرمەنی ئارمان تسارۆکیان ڕووی دا، ئەمەش بە هۆی قسەی نەشیاوی ئەو شەڕکەرە ئەرمەنییە لەسەر کورد، هەرچەندە ئەو شەڕکەرە داوای لێبوردنی بۆ قسەکانی کردبوو.

دواتر نامۆ فازڵ ڕایگەیاند ئاگادار نەبووە ئارمان داوای لێبووردنی لە گەلی کورد کردووە و جەختی لەوەش کردەوە کە هەردوو گەلی کورد و ئەرمەن برا بوون و وەکوو براش دەمێننەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئێکس پیرۆزبایی لە وەرزشوانانی لاوی کورد نامۆ فازڵ کرد بە هۆی سەرکەوتنی لە پێشبڕکێی هونەرە جەنگییە تێکەڵەکان (MMA) لە ئەمەریکا.

بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "دەستخۆشی و پیرۆزباییيەکی گەرم لە پاڵەوانی نێودەوڵەتی، گەنجی به‌تواناى كورد (نامۆ فازڵ) دەکەم بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە یاریی "هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکان" (MMA)دا لە ئەمه‌ریکا بەدەستی هێنا. هیوای بەردەوامی و سەرکه‌وتنی زیاتری بۆ دەخوازم."

ئەم پەیامە دوای سەرکەوتنی نامۆ فازڵ لە پێشبڕکێی MMA بڵاوکراوەتەوە و دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لەنێو بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا و ئارەزومەندانی هونەری جەنگیدا هەبووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG