ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕایدەگەیەنێت، لە کاتێکدا کە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، داهاتووی پیتاندنی یۆرانیۆم و تەنگەی هورمز گەیشتووەتە بنبەست، ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دوای ئاگربەستی مانگی ڕابردووەوە چڕترین ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدەن، کە ڕەنگە هەر لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێبکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لە بژاردەکان کە ئەمەریکا تاوتوێی دەکات، ناردنی هێزی تایبەتە بۆ ناو ئێران بۆ درکردنی ماددە ئەتۆمییەکان کە لەژێر داروپەردووی دامەزراوە بۆردومانکراوەکاندا شاردراونەتەوە. بەرپرسانی سەربازی ڕایانگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە ئاڵۆز و مەترسیدار پێویستی بە هەزاران هێزی پشتیوانی دەبێت بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەتی ئۆپەراسیۆن. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە ئەگەری هێرشی توندتر بۆ سەر ئامانجە سەربازی و ژێرخانەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە.
پیت هێگسەت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە یاسادانەرانی ڕاگەیاند ئەمەریکا "پلانی هەیە بۆ پەرەسەندن، ئەگەر پێویست بوو".
گوتیشی "پلانمان هەیە دەستپێکردنەوە، ئەگەر پێویست بوو. پلانمان هەیە بۆ گۆڕینی سەروەت و سامان".
سەرۆک دۆناڵد ترامپ کە تازە لە سەردانەکەی بۆ چین گەڕاوەتەوە ڕۆژی ڕۆژی هەینی بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، ئێران ڕەتیکردووەتەوە دان بە چەندین ڕێککەوتندا بنێت کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتوون.
ترامپ گوتیشی لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینگپینگ باسیان لە پێویستی پاراستنی تەنگەی هورمز و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی کردووە. کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە شی جینپینگ دژی بە سەربازیکردنی تەنگەی هورمز و هەر هەوڵێکە بۆ وەرگرنی سەرانە لە کەشتییەکان و داوای کردووە ئەو ڕێڕەوە گرنگەی وزە کراوەبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس، ئیبراهیم ڕەزایی وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر هێرشەکان دەستپێبکەنەوە، ڕەنگە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرزبکرێتەوە.
ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ شان هانتی لە کەناڵی فۆکس نیوزی وتی پێی باشترە یۆرانیۆمەکەی دەستبکەوێت نەک "لەناو داروپەردووی ئێراندا" بەجێی بهێڵێت.
سەرۆک ترامپ دوای دیدارەکەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆک کۆماری چین لە بەیجینگ ڕایگەیاند، پشودرێژی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی تەواو دەبێت "زۆر چاوەڕێ ناکەم"، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت تاران لەگەڵ ئەمەریکا بگاتە ڕێککەوتن.