دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دووهەمین فەرماندەیی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر ئاستی جیهان لە نەیجیریا کوژراوە.
ترامپ درەنگانێکی هەینی لە پلاتفۆرمی تروث سۆشیاڵ، ڕایگەیاند کە ئەبو بیلال لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمەریکا و نەیجیریادا کوژراوە.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "ئەمشەو بە فەرمانی من، هێزە ئازاکانی ئەمەریکا و نەیجیریا ئەرکێکی زۆر ورد و پلان بۆ داڕێژراویان ئەنجامدا بۆ لەناوبردنی چالاکترین تیرۆریست لە جیهاندا.
سەرۆک ترامپ نوسیویشیەتی "ئەبو بیلال ئەلمینوکی، دووەم فەرماندەیی داعش لەسەر ئاستی جیهانی، پێیوابوو دەتوانێت خۆی لە ئەفریقا بشارێتەوە، بەڵام نەیدەزانی سەرچاوەکانمان زانیاریمان پێدەدەن سەبارەت بەو کارەی کە دەیکات، ئەو چیتر خەڵکی ئەفریقا تیرۆر ناکات، هەروەها پلانی ئۆپەراسیۆنەکانیش بۆ بەئامانجگرتنی ئەمەریکاییەکان داناوە.".
هەروەها بۆلا ئەحمەد تینوبو سەرۆکی نەیجیریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتڕاستی کردەوە کە ئەلمینوکی و چەند فەرماندەیەکی دیکە لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا لە ویلایەتی بۆرنۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی وڵاتەکەی لە نزیکەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەدا کاریان کردووە. ترەمپ هەروەها سوپاسی حکومەتی نەیجیریای کرد بۆ هاوکارییەکانی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.
حەڤدە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر وێرانکاریی گروپە تیرۆریستییەکانی وەک بۆکۆحەرام و داعش لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، کە لە ئەنجامی هێرش و پەلامارەکانیاندا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.