بەحرەین ڕۆژی سێشەممە 12ی مانگی پێنج، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر سێ کەسدا سەپاند.
هەروەها دادگایەک لە بەحرەین زیاتر لە 20 کەسی دیکەی بە تا 10 ساڵ زیندانی سزا داوە.
داواکاری گشتی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "ژنێک کە تۆمەتبارە بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی سوپای پاسداران بە ئامانجی ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکارانە و تیرۆریستی" سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
هەروەها دوو کەسی دیکەش کە یەکێکیان هەڵاتووە بۆ ئێران، بە تۆمەتی هاوشێوە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێندرا و بە بڕی 10 هەزار دینار کە دەکاتە 26 هەزار و 487 دۆلار غەرامەش کراون.
لە دۆسیەیەکی جیادا، دادگا سزای زیندانیکردنی بۆ 10 تۆمەتباری دیکە سەپاندوە کە سێ تۆمەتبار دوای تێپەڕاندنی سزاکەیان دیپۆرت دەکرێنەوە.
ئەوان تۆمەتبار بوون بە پاڵپشتیکردنی ئێران و وێنەگرتن لە شوێنە قەدەغەکراوەکان و لێدوانی قەدەغەکراو.
هەروەها یازدە کەسی دیکەش بە تاوانی توندوتیژی و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە لە کاتی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەحرەین تا پێنج ساڵ زیندانیکردن و غەرامەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو سزایانە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتانی کەنداو لە ئامادەباشییەکی زۆردان و قەتەر، کوێت و ئیماراتی بەرنگاری ئەو شتانە دەبنەوە کە بە "تۆڕەکانی پەیوەست بە ئێران" ناوی دەبەن.
چالاکوانانی بەحرەینی دەڵێن لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە 300 کەس دەستبەسەر کراون، هەندێکیان بە "سیخوڕی" یان "پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران" تۆمەتبار کراون.