شرۆڤاکارانی سیاسی لە تورکیا سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبونەوەی لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی وڵاتەکە هاوکاتی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بە گرنگ دەزانن.
ڕۆژ ئەسیر گیراسون، سەرۆکی ناوەندی ڕاوەست بۆ لێکۆڵینەوە، سەردانەکەی بارزانی لەم کاتەدا و کۆبونەوەی لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکان بە گرنگ دەبینێت و دەڵێت " ئێستا لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا زیاتر باس لە خاڵی ئاسایشی کراوە و هەندێکیشی پەیوەست بووە بە بابەتی پەکەکەوە. بەڵام ئێستا دەکرێت بگۆردرێت. پەیوەندییەکان زیاتر لەسەر بنەمای بازرگانی و وزە بونیات بنرێن."
گیراسون لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بەتایبەتی جەختی کردە سەر بابەتی وزە و گوتی دەکرێت ئەم بابەتە " لە هەموو زیاتر پەرەی پێبدرێت."
مەهمەت سانری چاودێری سیاسی بنکە لە ئانکەرە پێیوایە بێجگە لەم بابەتە بابەتەکانی پەیوەست بە سیاسەت و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و ناوەندیش لەبەغدا کە لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێ کراوە زۆر گرنگە بۆ پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ئانکەرە و هەرێم.
سانری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " خاڵێکی سەرەکی کە لە وتووێژەکەی نێوان سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیدا باس کراوە، ئەوەیە کە حکومەتێکی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور لە بەغدا پێکبێت و کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا بەڕێگای دەستوور چارەسەر بکرێت. "
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردساتن مەسرور بارزانی ڕۆژی شەممە سەردانی تورکیای کرد و لەوێ لە کۆشکی دۆڵمەباخچە ئەستەنبوڵ لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازی لێکرا. بە پێی ڕاگەیاندنەکانی هەردوولا لەو گفتوگۆیەدا باس لە ڕەوشی ناوچەکە و هێرشەکانی ئەمدواییەی ئێران و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کراوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان نیگەرانی خۆی لە بە ئامانجکردنی هەولێر و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەبڕیوە و گوتویەتی "وەک تورکیا نامانەوێت ململانێکان بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەمان بگوازرێتەوە و پشتیوانییەکانمان بۆ بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا بەردەوام دەبێت".
هەروەها لە بەیاننامەی سەرۆکایەتی تورکیادا هاتووە "سەرۆک کۆمارمان جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی سەقامگیری لە عێراق بۆ هەموو ناوچەکە گرنگە و دامەزراندنی حکومەتی ناوەندیش خزمەت بە یەکڕیزی و یەکپارچەیی عێراق دەکات".